رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی دەڵێ، پڕۆژەی دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری لە سەنتەری شار تەواو بووە و ئێستا 75%ی پارێزگاکە گرتووەتەوە؛ هاوکات لە پارێزگای هەڵەبجەش پڕۆژەکە بە رێژەی 100% جێبەجێ کراوە.
رۆژی چوارشەممە، 13ی ئایاری 2026، سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا 75%ی کارەبای پارێزگای سلێمانی بووە بە کارەبای 24 کاژێری. کارەکان لە سەنتەری شار بە تەواوی کۆتاییان هاتووە و ئێستا کارکردن لە دەوروبەری شار و قەزاکان بەردەوامە."
لەبارەی ئەو ناوچانەی پڕۆژەکەیان تێدا جێبەجێ دەکرێت، گوتەبێژی کارەبای سلێمانی گوتی، ئێستا قەزاکانی دووکان، بازیان، دەربەندیخان، سەیدسادق و چەند شوێنێکی دیکە ماون کە ببن بە کارەبای 24 کاژێری و دوای ئامادەکاری و تەواوبوونی رێکارەکان ئەوانیش دەگرێتەوە.
بەپێی ئامارەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی 555 هەزار و 538 هاوبەشی کارەبا هەن.
پڕۆژەی رووناکی لە پارێزگای هەڵەبجە هەنگاوی گەورەتری ناوە. کاوان کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، "100%ی پارێزگای هەڵەبجە بە هەموو قەزا و ناحییەکانییەوە بووە بە پڕۆژەی رووناکی و کارەبای 24 کاژێرییان بۆ دابین کراوە."
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەڵەبجە گوتی، "پڕۆژەکە سەرکەوتوو بووە. ئەگەر هەندێک کێشەی بچووکیش هەبن، پەیوەندییان بەوەوە هەیە کە بەکارهێنەران لە سەرەتادا شێوازی بەکارهێنانەکەی نازانن و گوشارێکی زۆر دەخەنە سەر تۆڕەکە، بەڵام دواتر کێشەکان چارەسەر دەبن."
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە پارێزگای هەڵەبجە 46 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن کە ئێستا سەرجەمیان لە پڕۆژەی کارەبای 24 کاژێری سوودمەند دەبن.
پڕۆژەی رووناکی لە تشرینی دووەمی ساڵی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا. ئامانجی پڕۆژەکە دابینکردنی کارەبای 24 کاژێرییە و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، تەواوی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و سیستمی بسووڵەی کۆن و کارەبای مۆلیدە کۆتایی پێ بهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ