ئەحمەد تورک: ئامەدسپۆر یانەیەکی کوردستانییە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد تورک دەڵێ، سەرۆکی پارتی یەکێتیی مەزنی تورکیا کەسێک نییە پێویست بکات وەڵامی بدرێتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئامەدسپۆر یانەیەکی کوردستانییە و مێژووش نکۆڵی لەمە نەکردووە.

دوای ئەوەی ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین گوتی: "دڵخۆشم بەوەی یانەیەکی کوردستان گەیشتە خولی نایاب (سوپەرلیگ)"، سەرۆکی پارتی یەکێتیی مەزن هێرشی کردە سەری.
 
رۆژی دووشەممە 11-5-2026 مستەفا دەستجی، سەرۆکی پارتی یەکێتیی مەزن (بەبەپە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی لەسەر گوتەکانی ئەحمەد تورک گوتی:"کوردستانی چی، کوڕە؟ ئێرە کۆماری تورکیایە." 
 
ئەحمەد تورک ئێوارەی سێشەممە 12-5-2026 پرسیاری لەبارەی ئەو گوتەیەی دەستیجی ئاراستە کرا و لە وەڵامدا گوتی:"کوردستان دەستەواژەیەکی جوگرافییە و ناوچەیەکە، لە مێژوودا پێگەی هەیە. لە سەلجووقییەکانەوە بیگرە تاوەکو عوسمانییەکان، هیچ کەسێک نکۆڵی لەمە نەکردووە. کوردستان شوێنێکە و خەڵکێکی تێدا دەژی".
 
ئەحمەد تورک روونکردنەوەی زیاتری دا و ئاماژەی بەوە کرد کاتێک دەڵێن کوردستان، تەنیا مەبەستیان کورد نییە، بەڵکو سریانی، عەرەب، ئەرمەن و نەتەوەی دیکەش لەم خاکەدا دەژین و ئەوانە خەڵکی کوردستانن.
 
لەبارەی ئەوەی کە ئامەدسپۆری بە یانەیەکی کوردستان ناوبردووە، ئەحمەد تورک گوتی:"بێگومان ئامەدسپۆر یانەیەکی تورکیایە و چووەتە سوپەرلیگی تورکیا. ئامەدسپۆر یانەیەکی تورکیایە. بەڵام دواجار رۆحێکی کوردستانی لە مرۆڤەکاندایە. گۆرانییەکان کوردین، دروشمەکان کوردین. باشە خۆ ئەمە رەنگدانەوەی زمان و کولتووری گەلێکە لە وەرزش. دەبێ ئەمە قبووڵ بکرێ. ئەگەر ئێوە ئەمە قبووڵ نەکەن، هیچ کاتێک ناتوانن ئاشتی دەستەبەر بکەن".
 
ئەحمەد تورک لەبارەی مستەفا دەستیجی گوتی:"من مستەفا دەستیجی بە جیدی وەرناگرم. ئەو کەسێک نییە وەڵامی بدرێتەوە. من 50 ساڵە سیاسەت دەکەم. چەند جارێک سکاڵای ئەندامیەتیی پەکەکەم لەسەر تۆمارکرا. سکاڵای سیاسیم لەسەر تۆمارکراوە، بەڵام 50 ساڵە هیچ سکاڵایەکی تایبەت بە سووکایەتی لەسەر من تۆمار نەکراوە، چونکە سووکایەتیم بە هیچ کەسێک نەکردووە. تەنیا ئەوانەی کەسایەتییان لاوازە، سووکایەتی دەکەن. من ئەمە ناکەم، ئەگەر ئێوە پرسیارتان نەکردبا، من وەڵامیشم نەدەدایەوە".  
 
ئەو گوتەیەی ئەحمەد تورک لە ماوەیەکی کورتدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی گەورەی لێکەوتەوە و بووە یەکێک لەو بابەتانەی زۆرترین قسەی لەسەر کرا؛ جارێکی دیکە مشتومڕی نێوان ناسنامەی نەتەوەیی و وەرزشی هێنایەوە رۆژەڤی تورکیا.
 
رۆژی شەممە 2ـی ئایاری 2026، یانەی ئامەدسپۆر لە دوایین یاریی خولی پلە یەکی تورکیادا لەگەڵ یانەی (ئیدر) بە ئەنجامی 3-3 یەکسان بوو. بەو ئەنجامە یانەکەی باکووری کوردستان کۆی خاڵەکانی گەیاندە 74 خاڵ و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا سەرکەوت بۆ سوپەرلیگی تورکیا.
 
ئەردۆغان پیرۆزبایی لە ئامەدسپۆر کرد

 

هەر ئەو ئێوارەیەی ئامەدسپۆر گەیشتە (سوپەرلیگ)، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسەوە پیرۆزبایی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
 
ئەردۆغان رایگەیاند: "پیرۆزبایی لە ئامەدسپۆر دەکەم کە ساڵی داهاتوو لە خولی نایاب نوێنەرایەتیی دیاربەکرمان دەکات. لە ناخی دڵمەوە پیرۆزبایی لە کۆمەڵگەی وەرزشیی ئامەدسپۆر و برا دیاربەکرییەکانم دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم".
 
ئامەدسپۆر
یانەی ئامەدسپۆر، ساڵی 1972 دامەزراوە و درێسەکەی تێکەڵەی رەنگەکانی سوور، سەوز، سپییە و سەرەتا لەژێر ناوی مەلیک ئەحمەد تورام سپۆر بەشداری لە خولە میللییەکانی ئامەد دەکرد.
ساڵی 1990 لەلایەن شارەوانیی ئامەدەوە کڕدرا و ناوەکەی بۆ (یانەی شارەوانیی دیاربەکر) گۆڕدرا.
ساڵی 2006-2007 توانی لە خولی پلە سێ خۆی بگەیێنێتە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا.
رۆژی 28-10-2014 لە کۆنگرەیەکدا ناوی یانەکە گۆڕا بۆ ئامەدسپۆر.
وەرزی 2023-2024 بووە پاڵەوانی خولی یانە پلە سێیەکانی تورکیا و خۆی گەیاندە خولی یانە پلە دووەکان.
وەرزی 2024-2025 بووە پاڵەوان و گەیشتە خولی یانە پلە یەکەکان.
وەرزی ئەم ساڵیش بووە دووەمی یانە پلە یەکەکانی تورکیا و گەیشتە خولی نایابی تورکیا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە