رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمى کوردستان خاوەن بڕوانامە باڵاکان و سێ یەکەمەکانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کە دانیشتووى ناوچەکانى دەرەوەى ئیدارەی هەرێمى کوردستانن، ئاگادار دەکاتەوە کە کۆدى دامەزراندنیان گەیشتووەتە وەزارەتەکەیان و ئەوانیش بۆ زانکۆکانیان ناردووە. بەڕێوەبەرى گشتیی کارگێڕى و دارایى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەڵێت، ئەو دەرچووانە لە زانکۆکانی حکومەتی عێراق دادەمەزرێن.
رۆژی سێشەممە، 13ـی ئایاری 2023، د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەرى گشتیی کارگێڕى و دارایى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کەسانەی ناویان بۆ دامەزراندن گەڕاوەتەوە، دەتوانن مامەڵەکانیان لە زانکۆکانی خۆیانەوە دەستپێبکەن و (کیو ئاڕ کۆد)ـەکەیان لەوێ وەربگرن و لە ماڵپەڕی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق بەدواداچوون بۆ دۆسییەکانیان بکەن، ئەگەر مامەڵەکانیان کەموکورتییەکی هەبوو تەواوی بکەن".
بەڕێوەبەرى گشتیی کارگێڕى و دارایى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا ئاماژەی بە شوێنی دامەزراندنی ئەو کەسانە کرد و گوتی، هەموویان بەگوێرەی پێویستییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق لە زانکۆکانی عێراق دادەمەزرێن، واتا لەو زانکۆیانە دانامەزرێن کە سەربە هەرێمی کوردستانن.
لەبارەی سێ یەکەمەکانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان، توانا نەجەف گوتی، پێشتر ناوی ئەوانیشیان بۆ دامەزراندن بۆ بەغدا ناردووە، بەڵام رەتیانکردووەتەوە و گوتوویانە، تەنیا ئەوانە دادەمەزرێنن کە دانیشتووی ناوچە دابڕاوەکانن لە باشووری کوردستان.
سێ یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان ژمارەیان زیاتر لە 9 هەزار و 800 دەرچووە؛ بەڕێوەبەرى گشتیی کارگێڕى و دارایى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا گوتی، لە عێراقەوە دانامەزرێن و بۆ دامەزراندنیان دەبێت لە هەرێمی کورستان کاریان بۆ بکرێت.
خاوەن بڕوانامە باڵاکان ژمارەیان 222 دەرچووە و سێ یەکەمەکان ژمارەیان 1853 کەسە و دەرچووی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانن و دانیشتووی ناوچەکانى دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ