رووداو - سلێمانی
دوو مانگە گرفت بۆ دابەشکردنى بەشە ئاردى مانگانەى هاونیشتمانیان لە هەرێمی کوردستان دروستبووە؛ گرفتەکە وەکو دەڵێن، ئەوەیە کە حکومەتى عێراق بەناوى نەبوونى گەنم لە سایلۆکانى سەر بە هەرێمى کودرستان دروستى کردووە.
حکومەتی عێراق داواى لە سایلۆکانی هەولێر و سلێمانى کردووە بۆ دابینکردنى بەشە ئاردى بایعى گەنم لە کەرکووک و خورماتوو بهێنن، دهۆکیش لە موسڵ، کرێى گواستنەوەش لەسەر خاوەن ئاشەکان خۆیانە، ئەمەش بووەتە هۆى خاوبوونەوەى دابەشکردنى بەشە ئاردى مانگەکانی سێ و چوار.
نەسرین محەممەد، بەڕێوەبەرى دروستکراوى دانەوێڵەى سلێمانى دەڵێت، "ساڵى پار لە سایلۆى سلێمانى گەنمى زۆرمان هەبوو، بەڵام حکومەتى عێراق هات گواستیەوە بۆ شارەکانى خۆى و گەنم لاى ئێمە نەما، بۆیە ئەم گرفتە دروستبوو، دوو بەشە ئاردى پاریشیان بە هەمان ئەم بیانووەى ئەمساڵ لە ئێمە خوارد."
بەپێى رێککەوتنى هەولێر و بەغدا، کرێى گواستنەوەى گەنم لە سایلۆکانەوە بۆ ئاشەکان و لە ئاشەکانیشەوە بۆ دابەشکارەکانى بەشە خۆراکى هاونیشتمانیان، لەسەر حکومەتى عێراق بوو، بەڵام دوایین بەشە ئاردى ساڵى رابردوو و چوار بەشە ئاردى ئەمساڵیش ئەو پارەیەى بڕیوە و هێشتا نەیناردووە.
سالار جەلال، سەرۆکى کۆمەڵەى ئاشەوانەکانى عێراق رایگەیاند، "کەس نییە لە حکومەتى عێراق بپێچێتەوە. دەڵێت گەنممان نییە، بەڵام من زانیاریم هەیە لە مانگى یەک و دووى ئەمساڵدا لە ئوسترالیا و چەند وڵاتێکى دیکەوە گەنمى کڕیوە و بۆ شارەکانى خۆی دابینکردووە، گرفت بۆ ئێمە دروستدەکات و هەموو ساڵێک خراپتر دەبێت."
هەرێمى کوردستان بۆ دابینکردنى یەک بەشە ئارد، پێویستى بە 59 هەزار تۆن ئاردە، بەشێوەیەک کە هەولێر 21 هەزار تۆن، سلێمانى 21 هەزار و دهۆک 17 هەزار تۆن.
38 ئاش لە هەرێمی کوردستان هەن، 14یان لە پارێزگای هەولێر، 13یان لە پارێزگای دهۆک و 11شیان لە پارێزگای سلێمانی. ئەم ئاشانە لەلایەن کەرتى تایبەتەوە دانراون و بە گرێبەست لەگەڵ هەردوو حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان کار دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ