رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک هاونیشتمانی کە لە وڵاتی توونسەوە چونەتە تورکیا بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان، دوای وەستانی گەشتە ئاسمانییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، گیریانخواردووە و داوای هاوکاری دەکەن.
بڕوا شەماڵ، یەکێک لە هاونیشتمانییەکانە و ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە تونسەوە نزیکەی 100 کەسین ترانزێتمان هەبوو بچینە ئیستەنبووڵ و لەوێوە بگەڕێینەوە، بەڵام گەیشتینە تورکیا بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە گەشتەکان راگیراون و ناتوانین بگەڕێینەوە".
بڕوا شەماڵ دەڵێت، چونکە ڤیزەی چوونە ژوورەوەی تورکیایان نییە، ناتوانن بە رێگەی وشکایی بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان راگیراون.
ئەو هاونیشتمانییانە کە لە تورکیان، ژن و منداڵیشیان لەنێودایە. بڕوا شەماڵ دەڵێت: "بەرپرسانی فڕۆکەخانە دەڵێن، لانیکەم تاوەکو سێ رۆژی دیکەش ناتوانن گەشتی گەڕانەوە بکەین".
بەگوێرەی پلانەکانیان، دەبوو کاژێر 09:30ـی ئەمڕۆ ئەو هاونیشتمانییانە بگەنەوە هەرێمی کوردستان. بڕوا شەماڵ گوتی: "داواکارم لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریمان بکەن بۆ گەڕانەوە، بۆ ئەوەی بتوانین لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بگەڕێینەوە هەرێمی کوردستان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ