رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانیی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەشێوەی ئاسایی بەڕێوەدەچێت.
بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ ئێران و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە، ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕووی هەموو گەشتەکاندا داخراون.
لەبارەی هاتووچۆ لە رێگەی وشکانییەوە بۆ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، بەرپرسێکی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانیی ئاساییە و ئاڵۆزییەکان کاریگەریی لەسەر دەروازەکە نەبووە".
ئەمڕۆ، دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لە سنووری قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ گرفتێک لە دەروازەکەدا نییە و هاتووچۆ گەشتیاری و بارزگانیی لە هەردوو دیوەوە ئاساییە".
هێمن ئیبراهیم، قایمقامی پێنجوێن بە رووداوی گوت: "دۆخی ناوچەکە ئارامە و هاتووچۆ لە دەروازەی باشماخیش ئاساییە"
لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، سێ دەروازەی فەرمی و نێودەوڵەتی هەن؛ پەروێزخان و باشماخ لە پارێزگای سلێمانی و حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ