بڕیاردرا هەموو حاجییانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وشکانییەوە دەگەڕێندرێنەوە

13-06-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیار درا هەموو حاجییان بە رێگەی وشکانی بگەڕێندرێنەوە.
 
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای هاوئاهەنگی لەگەڵ حەج و عومرەی عێراق، بڕیار درا ئەو حاجییانەی بە فڕۆکە گەشتیان کردووە لە رێگەی وشکانییەوە بگەڕێندرێنەوە".
 
ئەم ساڵ سێ هەزار و 490 هاونیشتمانی بۆ رێوڕەسمەکانی حەج بە فڕۆکە چوونە سعودیە. بڕیاربوو سبەی 14ـی حوزەیران، گەڕانەوەیان دەستپێبکات و 20ـی مانگ کۆتا گەشتیان بگاتەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە، ئەمڕۆ ئاسمانی عێراق بە تەواوی بە رووی فڕۆکەدا داخرا.
 
کاروان ستوونی گوتی: "رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا سعودیەکان کراوە و بە پاس تاوەکو دەروازەی عەرعەر دەیانهێنن و لەوێشەوە بە پاسی دیکە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان".
 
بە گوتەی ستوونی، "ئەو هاونیشتمانیانە بە فڕۆکە چوونەتە حەج و بە رێگەی وشکانی دەهێندرێنەوە، گەشتەکانیان لە ئەمشەوەوە دەستپێدەکات".
 
بە گوتەی ستوونی، پێشتریش بەهۆی رووداوی جیاوە لە سعودیەوە گەشتی ئاسمانی گۆڕدراوە بۆ گەشتی وشکانی. گوتیشی: "ئێستا دۆخەکە ئارامە و پێویست ناکات کەسوکاری حاجییان هیچ دڵەڕاوکێکیان هەبێت".
 
ئەم ساڵ هەزار و 667 هاونیشتمانی بە رێگەی وشکانی چووبوونە حەج.
 
دوێنێ یەکەم کاروانی حاجییان لە رێگەی وشکانییەوە کە خەڵکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بوون و ژمارەیان 714 کەسە بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتن و بڕیارە ئەمڕۆ بگەنەوە هەرێمی کوردستان.
 
گوتەبێژی حەج و عومرە گوتیشی، حاجییانی دیکەی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لە رێگەی وشکانییەوە چووبوون، لە هەمان رێگەوە بەڕێکەوتوون و سبەی دەگەنەوە هەرێمی کوردستان.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ دەستەی حەج و عومرەی عێراق رایگەیاند، بڕیاری داوە سەرجەم حاجییە عێراقییەکان بە رێگەی وشکانی بگەڕێنێتەوە بۆ وڵات.
 
دەستەکە دەڵێت: "بەهۆی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی لە ناوچەکە هاتووەتە ئاراوە و راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ عێراق، سەرجەم حاجییەکان بە رێگەی وشکانی دەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵات."
 
16ـی ئایار، یەکەم کاروانی زیارەتکارانی رێوڕەسمەکانی حەج لە هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی وشکانییەوە بەرەو سعودیە بەڕێکەوتن و یەکەم گەشتی ئاسمانییش 19ـی هەمان مانگ بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێکەوت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زەویی جووتیارانی کورد لە سنووری مادەی 140

هادی عامری بڕیارێکی لە بارەی زەویی جووتیارانی کورد لە خورماتوو دەرکرد

وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق بەڕێوەبەرایەتیەکانى لە کەرکووک و دیالەو سەلاحەدین ئاگادار دەکاتەوە کە گرێبەستى کشتوکاڵى بۆ ئەو زەوییانە نوێ نەکەنەوە، کە یاسای گەڕانەوەى موڵک و ماڵ دەیانگرێتەوە، سەرۆکى لیژنەى مادەى 140یش بە نووسراوێک ئەو وەزارەتە ئاگادار دەکاتەوە کە خورماتوو دەکەوێتە سنوورى مادەى 140 و زەوییەکانى بە بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیی شۆڕش بەناو کراون.