رووداو دیجیتاڵ
شێخ نەهرۆ كەسنەزانی، سەرۆكی تەریقەتی قادریی كەسنەزانی لە کوردستان و جیهان رایگەیاند، کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، سەردانی هەردوو هاوسەرۆکەکەی کردووە و هەردووکیان بەڵێنیان داوە بە گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەربکەن.
لە راگەیێنراوێکدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە نووسینگەی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، رابەری تەریقەتی قادرەی كەسنەزانی لە کوردستان و جیهان بڵاوی کردووەتەوە هاتووە: "شێخ نەهرۆ لە سەردانێكیدا بۆ لای هەردوو بەڕێز بافڵ تاڵەبانی و شێخ لاهور جەختی لەسەر پاراستنی رێزەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كردەوە و رایگەیاند، پێویستە كێشەكان بە دانیشتن و دیالۆگ چارەسەربكرێن لەپێناو سەقامگیری ناوچەكە و كوردستان".
بەپێی راگەیێندراوەکە: "لە دانیشتنەكانی شێخ نەهرۆ كەسنەزانی لەگەڵ بەڕێز بافڵ تاڵەبانی و شێخ لاهوور، هەردوولا بەڵێنیاندا كە لە دانیشتن و دیالۆگ و گفتوگۆ بەردەوامبن و بەزووترین كات كێشەكانی یەكێتی نێشتیمانی كوردستان چارەسەر بكەن". شێخ نەهرۆ كەسنەزانیش پشتیوانی خۆی دووپاتكردەوە بۆ درێژكردنی دەستی هاوكاری بە مەبەستی سەركەوتنی ئەو پڕۆسەیە.
رۆژی 08-07-2021 سەرەتای ناکۆکییەکانی نێو یەکێتی دەرکەوتن و بەرپرسی هەردوو دەزگای زانیاری و دژەتیرۆر گۆڕدران، دوای دوو کۆبوونەوەش لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی، هیچ رێککەوتنێک نەکراوە و گۆڕانکارییەکان بەردەوام دەبێت و بەپێی زانیارییەکانی رووداو بەرپرسی چەند مەڵبەندێکی یەکێتیش دەگۆڕدرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ