رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 10ـی ئەم مانگە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد ئامادەیی نیشانبدات بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکە. هەوڵ و جووڵە سیاسی و یاساییەکانیش بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان چڕبوونەتەوە.
نیبراس ئەبو سودە، یاریدەدەری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، "بەفەرمی داواکارییەکە گویشتووەتە کۆمیسیۆن و خراوەتە نێو بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە. ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لەگەڵ پسپۆڕان و لایەنی تەکنیکی و یاساناسان تاوتوێی بابەتەکە دەکات و دواتر بڕیار لەو بارەیەوە دەردەچێت."
وەک لێکەوتەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق، نزیکەی پەنجا رۆژە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاوەتەوە. هۆشداریش لە نەبوونی دەسەڵاتی یاسادان و چاودێری لە هەرێمی کوردستان دەدرێت.
جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لەوە دەکات، "لایەنە سیاسییەکان درک بەوە دەکەن کە دەبێت لەم قۆناخەدا ئامادەکارییەکان خێراتر بکرێن بۆ ئەوەی لەم بۆشاییە یاساییە دەربازبین و ئەم بۆشاییە سیاسییە خراپە ئەگەر بەردەوام بێت و درێژە بکێشێت."
روون نییە هەڵبژاردنەکە بە چی سیستمێک و تۆمارێکی دەنگدەران دەکرێت و چارەنووسی کورسیی کۆتاکان چی لێدێت. چەند سکاڵایەکیش لەبارەی ئەو بابەتانە لە دادگەی فیدراڵیی عێراقن و چاوەڕوانی یەکلاکردنەوەن.
خەلیل ئیبراهیم، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت، "پێشوازییەکی گەرم لە داواکاریی سەرۆکی هەرێم دەکەین و پاڵپشتیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین. داواش لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەین ئەم داوایە بە رژدی وەربگرێت و هەر لەمپەرێکی بەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان هەبێت، نەیانهێڵێت."
ئەگەر وەڵامەکەی هەفتەی داهاتووی کۆمیسیۆن بە ئاراستەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بێت، دوای ئەوە ئامادەکارییەکان دەست پێ دەکەن، لەوانەش نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و تەرخانکردنی پارەی پێویستیش بۆ پڕۆسەکە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ