رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەسەر پرسی مووچە، لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و وەزیرانی کورد لە بەغدا کۆدەبنەوە. راشیگەیاند: ''دەمانەوێت بزانین خاڵە ناکۆکەکانی بەردەم ناردنی مووچە چین.''
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13-07-2025، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە دڵدار هەرکی پێشکێشی کرد، رایگەیاند، ''هیچ وادەیەک بۆ هاتنی مووچە دیاری نەکراوە، روون نییە کەی هەردوو حکومەت کۆتایی بە گرفت و ناکۆکییەکانی نێوانیان دەهێنن.''
بەهۆی بڕیارێکی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقەوە، زیاتر لە 70 رۆژە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان وەرنەگرتووە. لە دوایین پێشهاتدا، 8ـی تەممووز لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێکهێنرا، بۆ ئەوەی هەردوو رەشنووسی هەولێر و بەغدا لەبارەی داواکارییەکانى نێوانیان لەسەر پرسى نەوت و مووچە یەکبخەن و، دواتر رادەستی ئەنجوومەنی وەزیران و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی بکەنەوە.
جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەدا، لیژنەکە داوای هەندێک زانیاریی وردی لە هەر دوو حکومەت، وەزارەتەکانی دارایی، وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە: ''لەلایەن بەغداوە وەڵامی داواکارییەکان دراوەتەوە، بەڵام هێشتا نازانین لە هەرێمی کوردستانەوە وەڵامی لیژنەکە دراوەتەوە یان نا.''
لیژنەکە پێکهاتووە لە محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان؛ بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن؛ خالید شوانی، وەزیری داد؛ ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی و نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کە تاوەکو ئێستا یەک کۆبوونەوەی ئەنجامداوە.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق گوتی: ''ئەو لیژنەیە تاوەکو ئەو کاتەی کە سەرجەم زانیاری و وردەکارییەکانیان لەلایەن هەردوو حکومەتەوە نەخرێتە بەردەست، ناتوانێت کۆتایی بە ئەرکەکەی خۆی بهێنێت.''
جەمال کۆچەر گوتیشی ''دەبێ لیژنەکە رۆژی سێشەممە راپۆرتی خۆی پێشکێشی سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران بکات، بۆ ەوەی پرسی مووچە یەکلایی بکرێتەوە.''
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانە، گوتی، ''داوامان کردووە هەردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراق، وەزیرانی دارایی، وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی مووچە بانگهێشتی پەرلەمانی عێراق بکرێن، بۆ ئەوەی پابەندبوون یان پابەندنەبوونی هەردوو حکومەت بۆ خەڵک ئاشکرا بکرێت.''
لە (28-05-2025)، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، لە نووسراوێکدا بە حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، ناتوانێت لە ناردنی پارە بەردەوام بێت، چونکە پشکی هەرێمی کوردستان (12.67%) لە یاسای بودجەدا تێپەڕیوە. لە وەڵامدا، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە (29-05-2025) رایگەیاند کە شێوازی دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە پێچەوانەی دەستوورە و دەبێت پشت بە کۆی داهاتە فیدراڵییەکان ببەسترێت، نەک خەرجیی راستەقینە.
جەمال کۆچەر باسی لەوە کرد، بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و وەزیرە کوردەکان لە بەغدا کۆببنەوە، ''ئێمە دەمانەوێت لە نزیکەوە بزانین خاڵی ناکۆکی نێوان دوو حکومەت لە بەردەم ناردنی مووچەدا چییە.''
هەر ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەسەر پرسی مووچە و دانوستاندنەکان لەگڵ حکومەتی فیدراڵی کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەت، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە چڕکردنەوەی هەموو هەوڵەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە. "لەمبارەیەوە کۆدەنگی و هاوهەڵوێستی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، کە مافێکی یاسایی و دەستووریی مووچەخۆرانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ