رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، دەبێت هەموو پارتە سیاسییەکان لە پەرلەمان پاڵپشتی لە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری بکەن. ئاماژە بەوەش دەکات: ''وەک ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتی، پێداگرین لەسەر بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی یەکشەممە، 13ـی تەممووزی 2025، لە گوتارێکیدا لە ئەنقەرە، لەبارەی چەکدانانی یەکەمین گرووپی گەریلای پەکەکە رایگەیاند، "دەرگەی سەردەمێکی نوێ لەبەردەم وڵاتەکەمان واڵابووە". گوتیشی: ''هەموو هەوڵێک بۆ رەواندنەوەی گومانەکان لەبارەی پرۆسەکە دەدەین''.
بە گوتەی ئەردۆغان، لەڕێگەی میکانیزمێکەوە سوپا و دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی لە نزیکەوە و ''بە وریاییەوە'' چاودێریی رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپەکەی گەریلای کردووە.
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی شەوی چوارشەممە، 9ـی تەممووزی 2025، لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی ''میکانیزمی دڵنیابوونەوە''ی بۆ چاودێریکردنی ''پرۆسەی چەکدانانی'' پەکەکە داناوە.
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوە کردەوە، هیچ لایەنێک بۆی نییە بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست بکات، باسی لەوەش کرد: ''لە سیاسەتدا هەموو شتێک قەرەبوو دەکرێتەوە، بەڵام تێکدانی یەکگرتوویی و سەقامگیریی 86 ملیۆن کەس لە پرسێکی وەهادا، قەرەبوو ناکرێتەوە، گەلەکەی من ئەمە قبووڵ ناکات''.
ئەردۆغان دەڵێت، بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، ئامادەن لەگەڵ هەموو لایەنێک گفتوگۆ بکەن. گوتیشی، پێشوازی لە هەموو رەخنە و پێشنیازی هەر پارتێک لەبارەی پرۆسەکەوە دەکەن.
بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا لیژنەیەک بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان پێکبهێندرێت، ئەردۆغان لەمبارەیەوە گوتی: ''سەرۆکی پەرلەمانمان لەمبارەیەوە هەوڵەکانی بەردەوامە و بەهیواین هەواڵی کردەییمان لەوەوە پێبگات''.
بە گوتەی سەرۆککۆماری تورکیا، شەڕی چەند دەیەیەی پەکەکە زیانی نزیکەی دوو تریلیۆن دۆلاری بە وڵاتەکەی گەیاندووە؛ گوتیشی، لە ئەگەری سەرکەوتنی پرۆسەکە، ئیدی سەرچاوەکانی وڵاتەکەیان لە ''خزمەتی 86 ملیۆن هاووڵاتیی وڵاتەکەیان خەرج دەکەن''.
دوای ئەوەی ئەردۆغان، دوێنێ شەممە، لە گوتارێکیدا لە ئەنقەرە باسی لە گرنگیی ''یەکێتی و بەیەکەوەژیانی کورد، تورک و عەرەب'' لە وڵاتەکەی کرد، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە هەمان رۆژ لە گوتارێکیدا لە مەڵەتیی باکووری کوردستان، لە وەڵامی ئەو قسەیەی ئەردۆغاندا گوتی: ''هاتووە دەڵێت، کورد و تورک و عەرەب. بە قسەی ئەو واتا، نوێنەری تورک، مەهەپە، نوێنەری کورد، دەم پارتی و نوێنەری عەرەبیش خۆیەتی (ئەردۆغان). گوایە
بنمیچێک لەسەر بنچینەی تێگەیشتنێکی ئوممەتی دروست دەکات، نەوەک لەسەر بنچینەی عەقڵییەتی هاووڵاتیبوون''.
سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی لە سەرۆکی جەهەپە گرت و گوتی: ''ئێوە بۆچی لە یەکگرتتنی تورک، کورد و عەرەب ناڕەحەت دەبن؟ چۆن دەکرێ رۆڵەیەکی ئەم وڵاتە، ناڕەحەت بێت بەوەی کورد، تورک و عەرەب یەکدی لەباوەش بگرن؟''.
ئەردۆغان گوتیشی، رێگە نادەن جەهەپە بەربەست بۆ پرۆسەی چارەسەری دروست بکات، ئاماژەی بەوەش کرد: ''ئەوان لەمەدا سەرکەوتوو نابن و ناتوانن ئێمە لە رێگە پیرۆزەکەمان بگەڕێننەوە''.
ئەردۆغان پێیوایە، کاتی ئەوەیە ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتەکەی بەقەرار بکرێت، باسی لەوەش کرد: ''ئێستا کاتی بنیادنانی سەت ساڵەی تورکیایە، لە ئێستاوە ئەو ئایندە گەشە دەبین کە بەرەو رووی تورکیا دێت، وەک تاکێکی ئەم گەلە لە ئێستاوە بۆ ئەمە بەپەرۆشم''.
ئەم قسانەی ئەردۆغان دوای ئەوە هات، هەینیی رابردوو لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی، 30 گەریلای پەکەکە چەکەکانیان دانا، کە بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکە، یەکێک بوو لەوان و یەکەم کەس چەکەکەی سووتاند.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ