رووداو دیجیتاڵ
د. سەباح بەرزنجی، دوای ئازادکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بە رووداوی گوت، دەستگیرکردنەکەی لەبەر لێکچوونی ناو بووە و هەڵە تێگەیشتن بووە.
دوای ئەوەی کاژێر 1:30ـی نیوەڕۆی رۆژی شەممە، لە شاری سلێمانی دەستگیرکرا، ئەمڕۆ د. سەباح بەرزنجی، کەسایەتیی دیاری ئایینی، مامۆستای زانکۆ و پەرلەمانتاری پێشووی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئازاد کرا.
د. سەباح بەرزنجی بە نزار جەزا، پەیامنێری رووداوی گوت، دەستگیرکردنەکەی هەڵە تێگەیشتن و لەسەر لێکچوونی ناوەکەی بووە: "دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە هیچ شتێکی وانییە. لەبەر ئەوەی شەممە بوو و دەوام نەبوو، ئازادکردنەکەم کەوتە ئەمڕۆ."
لەبارەی ئەو هێزەشی دەستگیریان کردووە، گوتی: "نازانم چ هێزێک بوون، بەڵام سوپاس بۆ خوا رێزیان گرتم و من گلەییم لێیان نییە. هەر کەسێک دەگیرێت یان رادەگیرێت واتای ئەوە نییە کە ئەمە شتێکە، لایەنی ئەمنی مافی خۆیەتی کە گومانی هەبێ و لێکۆڵینەوەی خۆی بکات، بەڵام لە چوارچێوەی یاسادا. ئێمەش وەکو هاووڵاتی نابێ کێشەمان لەگەڵ ئەوەدا هەبێت کاتێک بەپێی یاسا مامەڵەمان لەگەڵدا دەکرێت."
د. سەباح بەرزنجی گوتیشی: "مەرج نییە هەمووان من بناسن، رەنگە کەسانێک هەبن ناوی منیان هەر نەبیستبێ، بۆیە بەلامەوە ئاسایی بوو، ئێستا دۆسیەکەم داخراوە."
د. سەباح بەرزنجی سوپاسی هێزە ئەمنییەکان، کەسایەتییەکان و هاونیشتمانییان بە گشتی دەکات و دەڵێت: "سوپاس بۆ ئێوە (رووداو) بۆ هەموو خەڵک و بەرپرسان بەتایبەتی کۆمەڵی دادگەری، بەتایبەتی مامۆستا عەلی باپیر و مامۆستا محەممەد حەکیم و ئەندامانی باڵای کۆمەڵی دادگەری، سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەم کە پەرۆش بوون، سەرجەم خەڵکی رۆشنبیر، مامۆستای زانکۆ، دادوەر و سەرۆک هۆز و هەمووان، ئەوەی روویدا هەڵە تێگەیشتنێک بوو و تێپەڕی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ