رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردی ئێزدی رایدەگەیێنێت لە قەزای شنگال مۆزەخانەیەکی تایبەت بە کۆمەڵکوژی کوردی ئێزدی دروست دەکرێت.
خەلەف شنگالی، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردی ئێزدی ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی تەمموزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراقیان وەرگرتووە، کە مۆزەخانەیەک لە شنگال دروست بکرێت، بۆ بە دۆکیۆمێنتکردنی ئەو کۆمەڵکوژییەی کە بەسەر کوردی ئێزدیدا هاتووە.
خەلەف شنگالی کە سەرۆکی لیژنەی دروستکردنی ئەو مۆزەخانەیە، گوتی لە مۆزەکەخانەکە سەنتەرێک دروستدەکرێت بۆ خستنەڕووی تاوان و کۆمەڵکوژییەکانی سەر کوردانی ئێزدی، لەگەڵ خانەیەکی میوانداری، چونکە خەڵکێکی زۆر بەتایبەتی بیانییەکان سەردانی شنگال دەکەن.
راوێژکارەکەی سوودانی کە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی شنگالی کردووە و دەڵێت سێ شوێنیان بۆ دروستکردنی مۆزەخانەکە لە بەردەست بووە، یەکێکیان دیاری کردووە، کە رووبەرەکەی 30 دۆنمە، چاوەڕێی رێکارەکان دەکەن بۆ پاکتاوکردنی خاوەنداریێتی زەوییەکە و دوای تەواوبوونی رێکارەکان دەست بە دروستکردنی ئەو مۆزەخانەیە دەکەن.
بەپێی دوایین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە کۆی 6,417 کوردی ئێزدی کە لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون، تائێستا 3,588 کەسیان رزگار کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ