رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ لارا ترەمپی بووکی باسی لە شەش مانگی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی، هەوڵی کوشتنەکەی، دۆخی سنوور، بنەماڵەکەی و ئەو یاسا نوێیە کرد کە بە "گەورەترین کەمکردنەوەی باج لە مێژوودا" ناوی دەبات.
زیندووترین وڵاتی جیهان
لارا ترەمپ، پێشکێشکاری بەرنامەی "مای ڤیو وز لارا ترەمپ"ە کە رۆژانی شەممە لە کەناڵی فۆکس نیووز پەخش دەکرێ. لارا لە سەرەتای هەڤپەیڤینەکەدا گوتی، سەرکەوتنەکانی ترەمپ لە شەش مانگی یەکەمی خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی لە سەرکەوتنی زۆرێک لە سەرۆکەکانی پێشوو لە تەواوی ماوەی سەرۆکایەتییاندا زیاتر بووە.
ترەمپ لە وەڵامدا گوتی: "ئەزموون لە ژیاندا زۆر گرنگە، بەڵام پێم وایە بەهرە لە ئەزموون گرنگترە". ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە چوار ساڵی پێش گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی "بۆ وڵات زۆر خراپ بوو، بەڵام یارمەتیدەریش بوو"، چونکە خەڵک "چوار ساڵ لە ترس و تۆقاندن"ـی بینی.
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "لەگەڵ پاشای سعودیە، میری قەتەر، سەرۆکی ئیمارات و زۆر سەرکردەی دیکە لە ناتۆ کۆبوومەوە. هەموویان گوتیان ئێستا ئێوە زیندووترین وڵاتی جیهانتان هەیە. شەش مانگ لەمەوبەر، پێیان وابوو وڵاتەکەمان مردووە".
گەورەترین کەمکردنەوەی باج لە مێژوودا
ترەمپ بە شانازییەوە باسی لەو یاسایە کرد کە لە رۆژی سەربەخۆیی ئەمریکا (4ـی تەمموز) واژۆی کرد و بە "یاسا گەورە و جوانەکە" ناویبرد. ترەمپ گوتی، ئەم یاسایە گەورەترین کەمکردنەوەی باجە لە مێژوودا.
ترەمپ گوتی: "باج لەسەر بەخشیش، باج لەسەر مووچەی خانەنشینی، باج لەسەر کاری زیادە نامێنێت، لەگەڵ کەمکردنەوەیەکی گەورەی باجیش لەسەر داهات".
ترەمپ داوای لە کۆمارییەکان کرد، بە شێوەیەکی ئەرێنی باسی یاساکە بکەن، چونکە "دیموکراتەکان تەنیا یەک شت باش دەزانن، ئەویش گلەییکردنە. ئەوان دروشمی بریقەدار بەکاردەهێنن وەک رووسیا، رووسیا، رووسیا."
هەزاران تاوانبارم لە وڵات دەرکردووە""
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی قسەکانی ترەمپ، پرسی کۆچبەران و سنوور بوو.
ترەمپ گوتی، یەکێک لە هۆکارەکانی خۆبەربژێرکردنەوەی ئەوە بوو کە بینیویەتی "وڵاتەکەمان وێران دەکەن" و رێگە دەدەن خەڵک "لە زیندانەکان و نەخۆشخانە دەروونییەکانەوە" بێنە نێو ئەمریکاوە.
ترەمپ گوتی: "ئەندامانی باندەکان، خراپترین ئەندامانی باند لە جیهان، دەهاتنە نێو وڵاتەوە، ئەوەش بێ پشکنین، بێ لێکۆڵینەوە، بێ هیچ شتێک".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە کارێکی گەورەیان کردووە بۆ دەرکردنی تاوانباران و گوتی: "ئێمە 11,888 بکوژمان لە وڵات دەرکردووە، زۆرێک لەوانە زیاتر لە کەسێکیان کوشتووە".
ترەمپ ئیدارەی پێشووی بەوە تۆمەتبار کرد کە "کۆمەڵێک کەسی زیرەک بەڵام خراپ" لە دەوری سەرۆکی پێشوو بوون و "نیازی خراپیان" هەبوو.
هەوڵی کوشتنەکە
هەڤپەیڤینەکە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی هەوڵی کوشتنی ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردن لە شاری بەتڵەر لە ویلایەتی پێنسلڤانیا.
ترەمپ لەبارەی رووداوەکەوە گوتی: "بێ هیچ گومانێک، [بە گوللـە] پێکرام. بەختم هەبوو بە خێرایی خۆم چەماندەوە، چونکە پێم وایە هەشت فیشەکیان تەقاند."
ترەمپ ستایشی ئەو نیشانەشکێنەی کرد کە تەقەکەرەکەی کوشت و گوتی: "نیشانەشکێنەکەمان لە کەمتر لە پێنج چرکەدا توانی لە دوورییەکی زۆرەوە بە یەک فیشەک بیکوژێت. ئەگەر ئەوەی نەکردایە، دۆخەکە زۆر خراپتر دەبوو".
ترەمپ لەبارەی لێکۆڵینەوەکانەوە گوتی: "ئێف بی ئای، هێزە نهێنییەکان، هەموویان چەندین جار زانیارییان پێدام. رازیم لە ئەنجامەکان".
سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو باسی لە مەترسییەکانی پۆستی سەرۆکایەتی کرد و گوتی: "پۆستی سەرۆکایەتی کارێکی زۆر مەترسیدارە. رێژەی مردن نزیکەی 5%ـە. بۆچی ئەمەتان پێ نەگوتم؟ رەنگە بڕیارێکی جیاوازم بدایە".
لافاوەکەی تێکساس
لەبارەی لافاوەکەی تێکساس، ترەمپ هاوخەمیی خۆی بۆ کەسوکاری گیانلەدەستداوان دەربڕی و گوتی: "هیچ شتێک لە لەدەستدانی منداڵ خراپتر نییە". سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، هۆشداریی زۆر پێشوەختە درابوو، بەڵام کارەساتەکە لە درەنگی شەودا روویدا و خەڵک خەوتبوون.
ترەمپ گوتی، حکومەتی فیدراڵی "هەموو پارە و یارمەتییەک"ـی پێشکێشی تێکساس کردووە و ستایشی هەریەک لە گرێگ ئابۆت، حاکمی تێکساس و کریستی نۆم، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی کرد.
بنەماڵە و کابینە
ترەمپ ستایشی رۆڵی ئەندامانی خێزانەکەی کرد، هەروەها باسی لە کابینەکەی کرد و گوتی: "کابینەکەم نایابە. لە خولی یەکەمیشدا خەڵکی باشم هەبوو، بەڵام ئەو کاتە ئەزموونم نەبوو و پێشنیازی خەڵکم وەردەگرت، وەک پیاوێکی گەمژەی وەک جۆن بۆڵتن، بەڵام ئێستا خەڵکەکە باشتر دەناسم".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە دەیەوێت مێژوو چۆن یادی بکاتەوە، ترەمپ گوتی: "وەک کەسێکی باش، بەڵام وەک پیاوێک کە وڵاتەکەمانی رزگار کرد. بەڕاستی بڕوام وابوو وڵاتەکەمان بەرەو هەڵدێران دەچوو. دەمەوێت وەک پیاوێک بناسرێم کە وڵاتەکەمانی رزگار کرد".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ