رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بە شێوەیەکی ئەزموونی ئاو دەگاتە بەشێک لە گەڕەکەکانی هەولێر. سەرپەرشتیاری پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر دەڵێت: "تاوەکو ئێستا پڕۆژەکە هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەبووە و سەرکەوتووە".
رۆژی یەکشەممە، 13ـی تەممووزی 2025، هێمن نەزیف، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە بەیانییەوە سەرقاڵی کارکردنین لە پڕۆژەکە و قوفڵەکان دەکەینەوە و ئاو دەگاتە ناو بۆڕییەکان و بەشێکی گەڕەکەکان و ماڵان".
بە گوتەی هێمن نەزیف، سەرەتا سێ هەزار مەتر ئاو دەکەنەوە، دواتر زیادی دەکەن، تاوەکو ئەگەر کێشەیەک هەبوو دەرکەوێت.
سەرپەرشتیاری پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر پڕۆژەکە بە "سەرکەوتوو" وەسف دەکات و دەڵێت، هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەبووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامن لە کارکردن.
دوێنێ هێمن نەزیف بە رووداوی راگەیاند: "قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر تەواو بوو، کە لە سنووری شارەوانییەکانی چوار، پێنج و شەش دەکەوێتە کار، واتا لە شەقامی رەشکین- موسڵ تاوەکو شەقامی کۆیە و دەرەوەی 120 مەتریی هەولێر." دەشڵێت، یەکشەممە بە شێوەیەکی تاقیکاری دەگاتە کۆمەڵێک گەڕەکی ئەو ناوچانە".
گوتیشی: "لە ماوەی 72 کاژێری داھاتوودا بە شێوەیەکی تاقیکاری ئاو دەگاتە گەڕەکەکانی (تورەق - مامزاوا - سەرکارێز - قەتەوی - میرزا ئەحمەد - نازماوە - گردمحەممەد - ژیان - قەرەبووی ژیان - گردەرەشە - قەرەبووی تۆبزاوا - ئاسوودە - رۆشنبیری - فەرمانبەران - زیلان - پێنجی حیسارۆک - گەلاوێژ - ھاوکاری و بێرکۆتی نوێ)." سەرپەرشتیاری پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر وای گوت.
پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر لە هێڵە جیاوازەکانییەوە ئاو دەگەیێنێتە چوار حەوزی گەورە و لەوێوە بەسەر هەولێردا دابەش دەکرێت.
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر توانای هەیە لە یەک کاژێردا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات، کە دەکاتە 60٪ـی پێویستیی هەولێر بە ئاو و 40٪ـەکەی دیکەش لە رێگەی هەر سێ پڕۆژەی ئیفراز (یەک، دوو، سێ) دابین دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ