رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئاگربەست و پرۆسەی ئاشتیی نێوان تورکیا و پەکەکە، ئارامی گەڕاوەتەوە بۆ گوندە سنوورییەکانی شارباژێڕ، بەتایبەت گوندی گەڵاڵە کە پێشتر بەردەوام لەژێر بۆردوومانی فڕۆکە و درۆندا بوو. ماوەی سێ مانگە دانیشتووانەکەی لە ئارامی و ئاسوودەییدا دەژین. ئەم دۆخە نوێیە وایکردووە خەڵک دەست بە دروستکردنی خانووی نوێ بکەن.
گوندی گەڵاڵەی شارباژێر، ئەو گوندەی سنووری سلێمانی کە زۆرترین بۆردوومانی فڕۆکە و درۆنی لەسەر بووە؛ سووتانی چەک بۆ ئاشتی، ئارامیی بۆ ئەو گوندە هێناوە. مام ساڵح لە منداڵییەوە نیشتەجێی ئەو گوندەیە، چیرۆکی تراژیدیی درۆنەکان هەرچەند بژمێرێت تەواو نابن، بەڵام سێ مانگە ئاشتی درۆن و فڕۆکەی لێ دوورخستوونەتەوە، لە خۆشیشدا نێتی خێری لێهناوە.
ساڵح عەبدوڵڵا، گوندنشین دەڵێت، "سێ مانگە ئارام و ئاسوودە دەخەوین و هەموو شت باشە."
حوسێن گەڵاڵی، گوندنشین بە هیواوە دیواری ماڵە نوێیەکەی بۆ ئارامی هەڵدەچنێت و دەڵێت، "نەمدەوێرا لە ترسی شەڕ خانوو بکەم، ئێستا ئاسودە دەخەوم و خانووەکەم دەکەم."
رێژنە دێهاتی، گوندنشین باس لەوە دەکات، "هەموو دەنگی فڕۆکەیەکمان دەناسی و جیامان دەکردەوە، بەڵام ئێستا باشترە."
هەر گوندنشینێکی سنووری چیای ئاسۆس دەدوێنیت، ئاگری شەڕ ماڵی وێران کردوون، ئاشتیی نێوان تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە، خەونی لەمێژینەیان بوو، بۆئەوەی شەو و رۆژ بێ ترس بکەنەوە.
سوعاد عەبدوڵڵا، گوندنشین ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا زۆر خۆشە کە شەڕ تەواو بووە، لە خۆشیدا نازانین چی بکەین."
گوندی گەڵاڵە لە 40 ماڵ پێکهاتووە، زۆرینە لە خۆشیی کۆتاییهاتنی شەڕ چەند سەر ئاژەڵێکیان کردووە بە خێر، نزیکەی 10 ماڵی دیکەیش بەنیازی گەڕانەوە بۆ زێدی باپیرانیانن. گوندەکە کەوتووەتە سنووری قەزای ماوەت بە دووریی 57 کیلۆمەتر لە سلێمانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ