رووداو دیجیتاڵ
بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سووتاندنی چەکەکانیان، وەرچەرخانێکی مێژوویی لە دۆزی کورد لە تورکیا و تەواوی ناوچەکەدا دروست کردووە. ئەم هەنگاوە کە لەسەر راسپاردەی راستەوخۆی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بووە، دەرگەی قۆناخێکی نوێی لە خەباتی سیاسی کردووەتەوە.
بەرنامەی "لەگەڵ رەنج" لەم دۆسیەیە دەکۆڵێتەوە و لە رێگەی شرۆڤەی میوانەکانییەوە، لایەنە جیاوازەکانی ئەم رووداوە تاوتوێ دەکات؛ لە گۆڕانی بۆچوونی شەقامی تورکییەوە تاوەکو رۆڵی ئۆجەلان، چارەنووسی گەریلاکان و ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی پرۆسەی ئاشتی دەبنەوە.
خەلیل ئاتاج، شایەتحاڵی سەرەتاکانی خەباتی چەکداریی پەکەکە، باس لەوە دەکات کە چۆن لە سەرەتادا پەکەکە چەکی نەبووە و "بە ئامانەت چەکی لە خەڵکی وەردەگرت." ئەو پێیوایە ئەم پڕۆسەی چەک سووتاندنە کە "لەسەر راسپاردەی ئۆجەلان بۆ قۆناخێکی دیکەی خەبات" ئەنجامدراوە، بە شێوازێکی زۆر باش بەڕێوەچوو. ئاتاج جەخت دەکاتەوە ئەمە تەسلیمبوون نییە، بەڵکو "دەرگەیەکی نوێیە بۆ هەردوو نەتەوەی کورد و تورک" تاوەکو لە رێگەی سیاسییەوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن. ئەو ئاماژەی بەوەش کرد بەشێک لە سیاسەتمەدارانی کورد بەهۆی هەمان ئەو خەباتەوە ئێستا لە زیندانن، ئەمەش قوربانیدانی گەلی کورد نیشان دەدات.
لە لایەکی دیکەوە، هاوڕێ تۆفیق، مافناس، ئەم پڕۆسەیە بە "رووداوێکی مێژوویی دەگمەن لە مێژووی کورد دا" دادەنێت، بەتایبەت لە کاتێکدا کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە بۆ "باوی چەک و بەربەریەت". ئەو دەشڵێت، چیتر بە چەکی ئاسایی شەڕی تورکیا ناکرێت کە خاوەنی تەکنەلۆژیای "درۆن"ـە.
شەقامی تورکی و گۆڕانی هەڵوێستی سیاسییەکان
رەها روهاڤی ئۆغڵو، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی لە ئامەد، بە پشتبەستن بە داتا و راپرسییەکان، گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە بۆچوونی شەقامی تورکی خستەڕوو. بە گوتەی ئەو، پێشتر تەنیا 35%ی تورکەکان پشتیوانیی پرۆسەی چارەسەرییان دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو رێژەیە بەرزبووەتەوە بۆ 60% و تەنانەت باس لە 68%یش دەکرێت. لەبەرامبەردا، 81%ی کوردی تورکیا پشتیوانی لەم هەنگاوە دەکەن. روهاڤی ئۆغڵو جەختی کردەوە کە "دوای سوتاندنی چەک، رێژەی پشتگیری بۆ پرۆسەی چارەسەری زیاد بووە."
لەڕووی سیاسیشەوە، زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، ئاماژەی بە گۆڕانێکی "سەرسوڕهێنەر" کرد لە گوتاری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، کە "پێشتر بە ئۆجەلانی دەگوت 'تیرۆریست'، بەڵام ئێستا پێی دەڵێت سەرۆکی دامەزرێنەری پەکەکە."
هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، گوتارەکانی گۆڕاوە و گوتوویەتی "کەی لەگەڵ کورد رێککەوتنمان بووبێت، سەرکەوتوو بووین" و تەنانەت "تێزی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی تورکیای رەتکردەوە" و ئامادەیی گفتوگۆی لەگەڵ کورد و عەلەوییەکان نیشانداوە.
ئۆجەلان، سەرکردەی بێڕکەبەری پڕۆسەکە
هەر چوار میوانەکە کۆک بوون لەسەر ئەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کلیلی سەرەکی و سەرکردەی بێڕکەبەری ئەم پرۆسەیەیە. زریان رۆژهەڵاتی دەڵێت، "ئۆجەلان سەرکردەی بێڕکەبەری کوردە لە باکوور" و "سەرۆکی رانەگەیێندراوی دەم پارتییە." هاوکات، رەها روهاڤی ئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە تەنانەت "دەوڵەتی تورکیاش پێی باشە لەگەڵ یەک کەس مامەڵە بکات نەک چەند لایەنێک لە کورد."
هاوڕێ تۆفیق ئایدیۆلۆجیای نوێی ئۆجەلانی روونکردەوە و گوتی، ئۆجەلان "پێی وایە دروستکردنی دەوڵەت لەسەر بنەمای نەتەوە کۆتاییهاتووە" و "بە ئەندامەکانی دەڵێ کوردایەتی شتێک نییە لێی هەڵبێیت." لەگەڵ ئەوەی ئۆجەلان بە پەکەکەی گوتووە "ئازادبوونی من مەکەن بە مەرج،" بەڵام هاوڕێ تۆفیق پێی وایە "بە ناڕاستەوخۆ داوای ئازادبوونی خۆشی دەکات،" چونکە گوتویەتی ئازادبوونی کۆمەڵگا گرنگترە لە خودی خۆی. سەرەڕای هەژموونی، رەها روهاڤی ئۆغڵو پێی وانییە "ئۆجەلان بەم نزیکانە ئازاد بکرێت،" بەڵام خەلیل ئاتاج پێشبینی دەکات "رەوشی ئۆجەلان باشتر دەبێت" و رێگەی سەردانیکردنی بۆ دەکرێتەوە.
چارەنووسی گەریلا و هەنگاوەکانی داهاتوو
یەکێک لە پرسیارە هەرە گرنگەکان چارەنووسی ئەو هەزاران گەریلایەیە کە لە چیاکانن. خەلیل ئاتاج بە وردی باسی سیناریۆکانی کرد و گوتی: "ئەوانەی چەکەکانیان سووتاند رۆیشتنەوە چیا، بەڵام تێکەڵاوی گەریلاکان نابن." ئەو پێی وایە "3 بۆ 4 کۆمیسیۆن دروست دەبێت" بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو. سەبارەت بە گەریلاکان، گوتی: "ئەگەر هەیە بەشێکیان بچنەوە تورکیا، بەشێکیشیان لە کوردستان بمێننەوە و هەندێکیش بچنە ئەوروپا"، بەڵام جەختی کردەوە "هەموو پەکەکە ناتوانن بگەڕێنەوە تورکیا" و گەڕانەوەی سەرکردەکان بەستراوەتەوە بەوەی "ئەگەر لە داهاتوودا تورکیا ببێتە سیستەمێکی دیموکراتی."
لە لایەکی دیکەوە، هاوڕێ تۆفیق پرسیارێکی ستراتیژی وروژاند: "ئەگەر پەکەکە لە قەندیل نەمێنێت، کێ دەچێتە ئەوێ؟" ئەمەش ئاماژەیە بۆ گرنگیی بوونی پەکەکە لە هاوکێشە ئەمنییەکانی ناوچەکەدا.
دەم پارتی، دەمڕاستی نوێی کورد لە گۆڕەپانی سیاسیدا
بە کۆتاییهاتنی خەباتی چەکداری، قورسایی سەرەکی دەکەوێتە سەرشانی دەم پارتی (پارتی یەکسانی و دیموكراسیی گەلان). هاوڕێ تۆفیق دەڵێت، "دەم پارتی دەبێت بە دەمڕاستی کورد لە باکوور" و پێشبینی دەکات "لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بەهێزتر دەبێت."
رەها روهاڤی ئۆغڵو ئەمە بە مێژووی هەدەپە (پارتە پێشووترەکەیان) دەبەستێتەوە و دەڵێت: "لە ساڵی 2015 کە پڕۆسەی ئاشتی هەبوو، دەنگەکانیان گەیشتە 13.5%، بەڵام کە شەڕ دەستیپێکردەوە، بۆ 8.8% دابەزی." ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت کە ئاشتی خزمەت بە بەهێزبوونی نوێنەرایەتیی سیاسیی کورد دەکات. رەها ئاماژەی بەوەش کرد "رۆڵی دەم پارتی گرنگتر دەبێت" و لە هەمان کاتدا "ئەگەری زیادبوونی دەنگی هوداپاریش هەیە."
زریان رۆژهەڵاتیش ئاشکرای کرد کە "ئەردۆغان هاوپەیمانیی لەگەڵ دەم پارتی و مەهەپە هەیە،" کە ئەمە ئاماژەیەكی روونە بۆ گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسیی تورکیادا.
گومان و ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەکە
سەرەڕای هەموو ئەرێنییەکان، هێشتا گومان و ئاستەنگی گەورە لەبەردەم پرۆسەکەدا هەن. گەنجێک لەنێو ئامادەبوواندا رایگەیاند کە "ئەم کارە بە پرۆسەیەکی لەخشتەبردن دەزانم." هاونیشتمانییەکی دیکەش پرسیاری کرد: "پەکەکە هەنگاوی باشی بۆ ئاشتی ناوە، ئەی تورکیا بەنیازی چییە؟"
زریان رۆژهەڵاتی ئاماژەی بە رۆڵی مێژوویی تورکیا کرد و گوتی: "تورکیا نەک هەر لە باکوور، بەڵکو نەیهێشتووە لە پارچەکانی دیکەش کێشەی کورد چارەسەر بێت." لەنێو خودی بزووتنەوەی کوردیشدا هەندێک ناکۆکی بەدی دەکرێت، وەک ئەوەی زریان رۆژهەڵاتی باسی کرد: "ناکۆکییەک هەیە لەنێوان قسەی ئۆجەلان و بەسێ هۆزات،" چونکە ئۆجەلان داوای کردبوو ئازادکردنی نەکرێتە مەرج، بەڵام هەندێک لە سەرکردەکانی قەندیل پێداگرییان لەسەر دەکرد. هەروەها، هاوڕێ تۆفیق ئاماژەی بەوەدا کە گۆڕینی دەستوور کاری سەرەکییە، بەڵام ئەمە ئاسان نییە، چونکە وەک زریان رۆژهەڵاتی گوتی، "لایەنگرانی جەهەپە، کە ئێستا گەورەترین پارتە، دژی ئازادکردنی ئۆجەلانن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ