رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند، بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر گرتووخانەی ئێڤین، بەشێک لە گیراوانی گرتووخانەکە رایانکردووە.
ئەسغەر جەهانگیری، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادی ئێران گوتی، "ئەوانەی لە کاتی هێرشەکەدا رایانکردووە، ژمارەیان کەمە، هەوڵدەدرێت دەستگیر بکرێنەوە و بگەڕێندرێنەوە گرتووخانە."
سەبارەت بەو گیراوانەی لە هێرشەکەدا کوژراون، ئەسغەر جەهانگیری گوتی: "بە گشتی 5 زیندانی شەهید بوون، کە بە تاوانی دارایی دەستبەسەر کرابوون."
ئەسغەر جەهانگیری ئاماژەی بەوەدا، لیژنەیەک بۆ خەمڵاندنی زیانەکانی زیندانییان و کەسوکارەکانیان پێکهێنراوە، هەروەها کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر ئەو کەلوپەلانەی کە لە دەوروبەری زیندانەکە زیانیان بەرکەوتووە و شێوازی قەرەبووکردنەوەش دەخەمڵێندرێت.
لە 11یەمین رۆژی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، 23ـی حوزەیران ئیسرائیل گرتووخانەی ئێڤینی لە تاران کردە ئامانج.
رۆژی دووشەممە، 30ی حوزەیرانی 2025، ئەسغەر جەهانگیری، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، "لە رووداوی هێرشکردنە سەر گرتووخانەی ئێڤیندا، 79 کەس لە زیندانییەکان و کەسوکاریان، کارمەندانی زیندان و دانیشتووانی گەڕەکەکانی نزیک گرتووخانەکە کوژراون و ژمارەیەک کەسی دیکەش بریندار بوون."
لە 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران، دواتریش ئێران بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو وەڵامی دایەوە.
رۆژی 22ـی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ـی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ