رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، قیرتاوکردنی شەقامی 100 مەتریی شارەکە دەستپێدەکات. جێگری سەرۆکی شارەوانیی سلێمانیش دەڵێت، 13 کیلۆمەتر ئامادەیە بۆ قیرکردن و کۆمپانیا بەگوێرەی توانای بەردەستی شەقامەکە قیرتاو دەکات.
رۆژی یەکشەممە، 13ـی ئابی 2023، سەرۆکایەتیی شارەوانی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر فەرمانی "قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، دەستکرا بە قیرتاوکردنی شەقامی 100 مەتری؛ لە سەرەتادا بەشی یەكەمی شەقامەکە بە رشتنی برایم کۆت (قیری شل) دەستپێدەكات و سبەی چینی یەکەمی قیرتاوەکەی دەکرێت، کە لە سەرەتای شەقامەكەوە لە دوای یەکتربڕی 11 دەستپێدەكات".
لەمبارەیەوە، ئاکۆ عەلی، جێگری سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "13 کیلۆمەتر لە رێگەکە ئامادەیە بۆ قیرتاوکردن، بەڵام کۆمپانیای جێبەجێکار بەگوێرەی توانا و پارەی بەردەستی قیر دەکات".
جێگری سەرۆکی شارەوانی سلێمانی گوتیشی، ئەگەر یەک کیلۆمەتر یان هەر 13 کیلۆمەترەکە قیرتاوبکرێت لە ئێستادا بە رووی هاووڵاتیان ناکرێتەوە؛ گوتیشی، "بەگوێرەی پارەی بەردەست قیرکردن و کارکردن لە شەقامەکەدا بەردەوام دەبێت".
بڕیاربوو کۆتایی ئەم مانگە قۆناخی یەکەمی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی تەواوبێت کە 32 کیلۆمەترە، بەڵام هێشتا نیوەیشی تەواونەبووە.
8ـی ئەم مانگە، شاباز سدیق، بەڕێوەبەری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری بە رووداوی راگەیاند، کارەکانی کۆمپانیای جێبەجێکار بەردەوامن، بەڵام تائێستا تەنیا 100 ملیار دیناریان بە چەک بۆ تەرخانکراوە لەلایەن حکومەتەوە و لەو بڕەش نزیکەی 40 ملیار دینار بە کاش دراوەتە کۆمپانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ