رێکخراوی CPT: قوربانییانی هێرشەکانی تورکیا و ئێران قەرەبوو دەکرێنەوە

14-08-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ  

ئەندامێکی تیمی کوردستانیی عێراقی لە رێکخراوی بونیادنەرانی ئاشتیی کۆمەڵگا-ی ئەمریکی (CPT) رایگەیاند، مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، ئاماری قوربانییانی تۆبپاران و بۆردوومانکردنەکانی تورکیا و ئێران رادەستی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکەن بۆ ئەوەی لە رووی مادی و مەعنەوییەوە قەرەبوو بکرێنەوە کە ژمارەیان لەنێوان دوو هەزار بۆ دوو هەزار و 500 کەس دەبێت.  
 
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانیی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتر لەسەر راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزیران راسپێردراین بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر قوربانییانی تۆپباران و بۆردوومانەکانی تورکیا و ئێران لە هەرێمی کوردستان بۆ قەرەبووکردنەوەیان، سەرەتا تەنیا زیانە گیانییەکان دەبێت، واتە کەسوکاری شەهیدەکان و بریندارەکان."
 
روونیشیکردەوە: "ماوەیەک لەمەوبەر لە بەشێک لە ناوچەکانی بادینان لەلایەن دەزگاکانی حکومەتەوە رێگریمان لێکرا، بەڵام کارەکانمان بە تیمە خۆجێیەکانی ناوچەکە راسپارد، هێشتا سەرقاڵی تەواوکردنی ئامارەکانیان بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دروست کۆبکرێنەوە."
 
ئەو ئەندامەی تیمی کوردستانیی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی گوتیشی: "ئەو کەسانەی بەکردەیی قوربانیی ئەو هێرش و تۆپبارانانەن تۆماردەکەین و بەڵگەنامەی مردنیان و بەڵگەکانی دیکەش لەگەڵ دۆسییەکانیاندا هاوپێچ دەکەین و  کۆدەکەینەوە، هاوکات بریندارەکانیش ئەوانەی کە بەراستی بەهۆی ئەو هێرشانەی ئەو دوو وڵاتەوە برینداربوون یان زیانیان پێگەیشتووە تۆماردەکەین."
 
ئەندامەکەی تیمی کوردستانیی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی باسی لەوەش کرد: "کۆکردنەوەی زانیاریی قوربانییان لەسەر راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزیران بووە، بۆیە ئێمەش هەموو زانیارییەکانیان پێدەدەین و بۆ ئەوەی سوودمەندبن و کوژراوەکان وەکو شەهید هەژماربکرێن و کەسوکاری ئەوانە و بریندارەکانیش لەرووی مادی و مەعنەوییەوە قەرەبوو بکرێنەوە."
 
سەبارەت بەو کەسانەی قەرەبوو دەکرێنەوە، ئەو ئەندامەی رێکخراوە ئەمریکییەکە گوتی: "تۆمارکردنی زانیارییەکان و وەرگرتنی دۆسییەکان ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە لە کەمپەکاندا برینداربوون و سڤیلن و کەسانێکن لە هەرێمی کوردستان دادەنیشن، بە کەمپەکانی رۆژهەڵات و مەخمووریشەوە کە تایبەتە بە پەنابەرانی رۆژهەڵات و باکووری کوردستان."
 
باسی لەوەشکرد کە هێشتا بڕی پارەی قەربووەکە دیارینەکراوە و دواتر ئەوە پەرلەمان و حکومەت بڕیاری لەبارەوە دەدەن.
 
بەپێی بەدواداچوونی پەرلەمانی عێراق، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا نزیکەی 23 هەزار پێشێلكاری لەلایەن ئێران و تورکیاوە بۆ سەر خاکی عێراق کراون کە لە هێرشەکانیاندا درۆن بەکارهێندراون و تۆپباران و مووشەک ئاراستە کراون، هێرشەکانیش سەرجەمیان لە هەرێمی کوردستان بوون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

   دیناری عێراقی جۆری 25 هەزاری.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: لیستی مووچەی مانگی 12 رادەستی بەغدا کرا

لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.