رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە دارستانەکانی ئامەد، چەولیگ، مێردین، شرنەخ و جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان کەوتەوە، هێشتا ئاگری دارستانەکانی جۆلەمێرگ نەکوژێندراوەتەوە.
ئێوارەی رۆژی 12ی ئاب، ئاگر لە پوش و پاوانەکانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی نزیک گوندەکانی کوتڵو و کاباکایا لە شارۆچکەی لجێ سەر بە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان کەوتەوە و بۆ دارستانەکان تەشەنەی سەند. دوای هەوڵێکی زۆری تیمەکانی ئاگرکوژێنەرەوە، توانرا پاش چوار کاژێر بکوژێندرێتەوە. بەڵام بەیانی ئەمرۆ یەکشەممە 13ی مانگ، ئاگر لە دارستانەکانی هەمان شوێن کەوتەوە.
تیمەکانی سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی ئامەد و ئاگرکوژێنەرەوە بە 11 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، 19 شۆڤڵ و 194 کارمەند، تواندرا دوای نزیکەی شەش کاژێر، ئاگرەکە بکوژێننەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی ئامەد بڵاویکردەوە، نزیکەی 10 هێکتار زەوی پوش و پاوان و دارستانەکان سووتاون.
چەولیگ
نیوەشەوی رابردوو 12ی مانگ، ئاگر لە دارستانی شارۆچکەی گەنچ لە چەولیگی باکووری کوردستان کەوتەوە. بەهۆی خێرایی با، ئاگرەکان لە ماوەیەکی کەمدا تەشەنەی سەند و ناوچە کشتوکاڵییەکانی گوندەکانی دۆغانجا و ئەسکی کۆی گرتەوە.
تیمەکانی ئاگرکوژێنەرەوە، ئافاد و بەڕێوەبەرایەتیی دارستانەکان لە رێگەی هێلیکۆپتەرێک، پێنج ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەرەوە، چوار شۆڤڵ و سێ تانکەری گەورەی ئاو، توانرا پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی مانگ تەواوی ئاگرەکان بکوژێننەوە.
تیمە هاوبەشەکان تا ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوامبوون لە ساردکردنەوەی ئەو دارستانانەی سوتابوون، بەڵام ئاماژە بە قەبارەی زیانەکان نەدراوە.
شرنەخ
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئاگر لە دارستانەکانی بەرزاییەکانی سێگرگا لە شارۆچکەی قیلابان لە شرنەخ کەوتەوە.
هەرچەندە، لایەنە پەیوەندیدارەکان رایانگەیاند، کە هۆکاری ئاگرکەوتنەکەیان نەزانیووە، بەڵام جەختیان لەوەکردەوە دوای نزیکەی دوو کاژێر ئاگرەکان گەیشتنە نزیک ئاواییەکانی دەریێ لاوا، کە ناوچەیەکی شاخاوییە و گەیشتن بە ناوچەکە سەختە.
هەوڵەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان تا دوای رۆژئاوابوون بەردەوام بووە و لە ئەنجامی هەوڵی تیمەکانی ئاگرکوژێنەرەوە، توانرا ئاگرەکە دابمڕکێنن و کار بۆ سارکردنەوەی شوێنە سووتاوەکان دەکرێت.
مێردین
هەر ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ی مانگ، ئاگر لە پوش و پاوانەکانی گوندی تزیان لە شارۆچکەی ئارتوکڵو لە مێردینی باکووری کوردستان کەوتەوە. جووتیارانی گوندەکە دەسبەجێ هەوڵی کوژاندنەوەیاندا، بەڵام هەڵکردنی با، بووە بەربەستێکی گەورە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە.
بەهۆی نەبوونی رێگا بۆ ناوچە کشتوکاڵیی و کێڵگەکانەوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دوای چەند کاژێرێک خۆیان گەیاندە شوێنی رووداوەکە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ جوتیارەکان، ئاگرەکە دوای پێنج کاژێر کوژایەوە.
جۆلەمێرگ
دوو رۆژە ئاگر لە دارستانەکانی شارۆچکەی کاڤاڵ-ی سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان کەوتووەتەوە، سەرباری هەموو هەوڵەکان، تاوەکو ئێستا نەکوژێندراوەتەوە.
ئاگرەکە پاشنیوەڕۆی رۆژی 11ی ئابی 2023، لەنزیک دارستانی گوندی مارینوس لە شارۆچکەی کاڤاڵ کەوتەوە، تەواوی خەڵکی گوندەکە و ئاواییەکانی نزیک لە دارستانەکە، هەوڵی کوژاندن و دامڕکاندنیاندا بەڵام نەکوژایەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە، سەرەتا تیمێکی ئاگرکوژێنەرەوە رەوانەی ناوچەکە کرا، بۆ ئەوەی ئاگرەکە دابمڕکێنن، بەڵام بەهۆی خێرایی با و تەشەنەکردنی بەناو پوش و پاوانی زەوییە کشتوکاڵییەکانەوە، تیمەکەش بێ چارە مایەوە و دواتر هیچ تیمێکی دیکە بەهانایانەوە نەچووە.
خەڵکی ناوچەکەش دوو رۆژە لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ ئەوەی ئاگرەکە بکوژێننەوە، بەڵام ئاگرەکە بەردەوامە.
رۆژی 29ی تەممووزی 2023، ئیبراهیم یوماکڵی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا رایگەیاند، لە یەک هەزار و 22 رووداوی ئاگرکەوتنەوەدا کە ئەمساڵ لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان روویانداوە، نزیکەی شەش هەزار و 900 هێکتار دارستان و پاوان سووتاون.
رۆژی 6ی حوزەیرانی 2023، یەکەم ئاگر لە دارستانەکانی پارێزگای موغڵا کەوتەوە. ساڵی رابردوو، 203 ئاگر لەدارستانەکانی 31 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کەوتەوە. بەهۆیەوە 10 هەزار و 446 هێکتار زەوی دارستانەکان زیانیان بەرکەوت و 149 کەس برینداربوون و سێ کەس گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان هاووڵاتی تورکیا و دووانیانیشیان هاووڵاتیی رووسیایی بوون.
لە 2021، ئاگر لە 299 دارستانی 53 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کەوتەوە. لە ئەنجامدا، 178 هەزار هێکتار زەوی دارستانەکان سووتان. هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و هەزار و 510 کەس برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ