رووداو دیجیتاڵ
دوای دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان رایانگەیاند، دەستگیرکردنی سەرۆکی جووڵانەوەکەیان "سیاسییە." دەشڵێن، بەبێ سەرۆکی جووڵانەوەکەش، نەوەی نوێ بەردەوام دەبێت.
رۆژی چوارشەممە، رێبوار ئەورەحمان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "هێزێکی دەمامکداری چەکداری سەر بە یەکێتی هەڵیکوتایە سەر ماڵی شاسوار عەبدولواحید، ئەم رەفتارە ئاساییە بۆ هێزێکی وەکو یەکێتی، بڕیاربوو ئەمڕۆ سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بهێنرێتە دادگە، بەڵام ئەمڕۆش نەهێنرایە دادگە."
رێبوار ئەورەحمان گوتی، "بە ئامادەبوونی شاسوار عەبدولواحید و بەبێ ئەویش نەوەی نوێ لەسەر رێگەی خۆیەتی، با دڵنیاش بن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، نەوەی نوێ بە تەواوی توانایەوە بەشداری دەکات و رکابەری هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمی کوردستان دەکات."
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ، دۆسیەکەی شاسوار عەبدولواحید "سیاسییە و دوورە لە یاسایی."، گوتیشی، "ئەم دۆسیەیە لە بەرامبەر بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی سەرۆکی جووڵانەوەکەمانە کە ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر تاوەکو هەفتەی داهاتوو ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ بەغدا واژۆیان کردووە بۆ رادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتی جێبەجێی نەکەن، ئەوا نەوەی نوێ هەڵوێستی دەبێت."
بەبڕوای رێبوار ئەورەحمان، "ئامانجێکی دیکەی ئەم پلانە دوورخستنەوەی سەرۆکی جووڵانەوەکەمانە لە جووڵانەوەکە، لەکاتێکدا بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەڕۆین لە مانگی 11دا، بەڵام بەبێ سەرۆکیش جووڵانەوەکە لەسەر رێگەی خۆیەتی و بەردەوام دەبێت."
پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ راشیگەیاند، "سەلامەتی گیانی سەرۆکی جووڵانەوەکەمان لە ئەستۆی پارتی و یەکێتییە، بەتایبەتی یەکێتی و لەنێو یەکێتیشدا بافڵ تاڵەبانی."
هەر لە کۆنفرانسەکە رۆژنامەڤانییەکەدا، کوردەوان جەمال، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "کاک شاسوار دوێنێ لە ڤیدیۆیەکدا داوای لە هاوڕێکانی کرد پابەندبن بە پرەنسیپەکانی لە نەوەی نوێ و لەگەڵ پارتی و یەکێتی دانەنیشن، ئێمەش دەڵێین سۆز بێت هەرگیز لەسەر ئەو رێگەیەی لەسەرین لانادەین و لە هیچ شتێکیش ناترسین."
کوردەوان جەمال ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵدەدەن لە رووی یاساییەوە کار بکەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئازاد بکرێت.
رۆژی سێشەممە کاژێر 10:00ی شەو شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەستگیرکرا.
تۆڕی میدیایی رووداو چەند بەڵگەنامەیەکی دەستکەوتووە، کە نووسراوی فەرمیی دادوەری جێبەجێکارن بۆ دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکانی شاسوار عەبدولواحید و فرۆشتنیان بە شێوەی زیادکردنی ئاشکرا لەبری قەرز.
بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی، سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فەرمانگەکانی داد، بە نووسراوی ژمارە 684/2024 لە 22-09-2024 کە جێبەجێکاری داد، ڤیان کامەران حەمەڕەشید واژۆی کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە، سەبارەت بە داواکاریی بریکارانی داواکاری جێبەجێکردن (بانکی سلێمانیی یەک) لە 05-09-2024 تایبەت بە دانانی هێمای مامەڵەنەکردن لەسەر ئەو موڵکانەی ئاماژەی پێدراوە، بە مەبەستی وەرگرتنەوەی قەرزی وەزارەتیان بە بڕی 91 ملیار و 760 ملیۆن و 660 هەزار دینار.
1. سەبارەت بە داواکاریی یەکەم تایبەت بە دانانی نیشانەی گلدانەوە (حیجز)، لەسەر موڵکەکانی کۆمپانیای نالیا کە بریتییە لە موڵکەکانی کەرتی1 مەڵکەندی- دەباشان. تەواوی موڵکەکان لارییان هەیە لە فرۆشتنی و لە ئامادەکاریدان بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی تۆماری ئەو موڵکانە، بۆیە خاوەن قەرز لە رێگەی رەهنەکەوە ناتوانێت قەرزەکەی وەربگرێتەوە.
2. سەبارەت بە داواکاریی دووەم، تایبەت بە دانانی نیشانەی گلدانەوە (حیجز) لەسەر سەرجەم موڵکەکانی کۆمپانیای (چاڤی)، بڕیارم دا بە دانانی نیشانەی گلدانەوە لەسەر موڵکەکانی ژمارە (139 و ژمارە 187تاوەکو311 و ژمارە 6/151 و کەرتی1 ی مەڵکەندی دەباشان).
لە نووسراوەکەدا هاتووە، لەبەرئەوەی بەپێی نووسراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووری/ س-ژمێریاریی ژمارە 1048 لە 19-01-2011 ئاماژە بەوە دراوە، لە بنەڕەتدا قەرزی بابەتی دۆسیەکە بۆ دروستکردنی پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤی بووە و پێکهاتەکانی پرۆژەکە بەو قەرزە دروستکراوە، بۆیە ناساندنی (چاڤی) بە کۆمپانیایەکی سەربەخۆ لە کاتێکدا قەرزەکە لەلایەن کۆمپانیای نالیاوە کراوە، هیچ لە راستیی بابەتەکە ناگۆڕێت، لەبەر ئەوەی ئەم قەرزە بۆ دروستکردنی دروستکراو و بیناکانی پڕۆژەکە بەکارهاتووە. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم بڕیارە شیاوی تانە لێدانە.
دواتر هەمان دادوەری جێبەجێکار، لە 24-09-2024، واتە دوو رۆژ دواتر، لە نووسراوێکی دیکەدا نووسیویەتی، "بڕیارماندا بە دانانی نیشانەی گلدانەوەی جێبەجێکردن لەسەر کۆی ئەو موڵکانەی ژمارەکانیان هاوپێچە و بەناوی قەرزار (کۆمپانیای نالیا) تۆمارن، بەرامبەر بە قەرزی خاوەن قەرز (بانکی سلێمانی1) بە بڕی 91 ملیار و 760 ملیۆن و 660 هەزار دینار.
هەر بەپێی ئەو بەڵگانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، لە 10-02-2025 هەمان جێبەجێکاری داد، "نووسراوێکی جەختکردنەوەی کردووە و نووسیویەتی، جەخت دەکەینەوە لە نووسراوەکانی پێشوو، تایبەت بە دانانی نیشانەی گلدانەوەی جێبەجێکردن لەسەر بەشی قەرزی کۆمپانیای نالیا لەسەر سەرجەم ئەو موڵکانەی تۆمارن بەناویەوە، بەرامبەر بە قەرزی خاوەن قەرز (بانکی سلێمانی1) لەبەر ئەوەی خەمڵاندنی بەهای موڵکەکە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە پاڵپشت بە مادەی 88 لە یاسای جێبەجێکردنی ژمارە 45 ساڵی 1980 ئەنجام دەدرێت، پاشان بەپێی مادەی 56 لە هەمان یاسا نیشانەکانی گلدانەوەی جێبەجێکردن دەهێڵدرێتەوە بەقەدەر قەرزی دۆسیەکە و زیادکردنی ئاشکرای بۆ دەکرێت و دەفرۆشرێت و بەهای راستەقینەی دەردەکەوێت."
بڕیاری سزایی
بە نووسراوێکی دادگەی کەتنی2 لە سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی سلێمانی، بە ژمارە 251/ک/2021 لـــە 03.08.2025، دادوەر کەمال رەزا ئەحمەد، رێی پێدراوە "بەناوی گەلەوە" ئەم بڕیارە بدات.
1. سزادانی تۆمەتبار (شاسوار عەبدولواحید) بە سزای بەندکردن بۆ ماوەی 6 مانگ، پاڵپشت بە مادەی 431 لە یاسای سزادانی عێراقی و هەژمارکردنی ماوەی راگرتنی لە قۆناخی لێکۆڵینەوە لە 16.05.2019 بۆ 30.05.2019.
2. دانانی بڕی 60000 دینار بۆ پارێزەر (ژیار شێرزاد عەبدوڵڵا) کە خەرج دەکرێت لە خەزێنەی دەوڵەت پاش وەرگرتنی پلەی کۆتایی بڕیارەکە.
3. ئاگادارکردنەوەی تۆمەتبار بە بڕگەی یەکەمی ئەم بڕیارە لە رێگەی دوو رۆژنامەی ناوخۆ.
4. دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبار و گشتاندنی بڕیارەکە بەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی جێبەجێکردنی.
5. پاراستنی مافی سکاڵاکار بە داواکردنی قەرەبوو لەبەردەم دادگەی تایبەتمەند لەبەرئەوەی لێکۆڵینەوە لەم مافە دەبێتە هۆی درێژەپێدان بە داوا سزاییەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ