رووداو دیجیتاڵ
لە عەلوەی کەرکووک، دوای رادەستکردنی کارەبا بە کەرتی تایبەت و دانانی پێوەری زیرەک، رۆژانە 20 کاژێر کارەبای نیشتمانی بۆ دووکاندار و کاسبکاران دابین دەکرێت. ئەم پڕۆژەیە بە گوتەی بەرپرسان، چارەسەرێکی بنەڕەتییە بۆ کێشەی کارەبا لە شارەکە.
دووکاندارانی عەلوەکە پێشوازی لە پڕۆژەکە دەکەن و بە هەنگاوێکی باشی دەزانن بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی بێ کارەبایی، بە مەرجێک لە چوارچێوەی یاسادا جێبەجێ بکرێت.
عەبدولڕەحمان عەدنان، یەکێک لە دووکاندارەکان بە رووداوی گوت: "بیرۆکەیەکی زۆر باشە و گلەیمان لێی نییە، بەڵام بە یاسا بکرێت و سنووری خۆی تێپەڕ نەکات. ئێمە لەگەڵ سیستمەکە و باشکردنی کارەبا داین، کێشەمان نییە ئەگەر پارەش بدەین. ئێستا ئەم پێوەرەیان داناوە زۆرباشە و خاوەن پڕۆژەکە هاتە ئێرە و گوتی 'رۆژانە 20 کاژێر کارەباتان پێدەدەم'."
حکومەتی عێراق بۆ نەهێشتنی زیادەڕۆیی و رێکخستنەوەی کەرتی کارەبا لە کەرکووک، گرێبەستی لەگەڵ دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت واژۆ کردووە. ئەرکی کۆمپانیاکان دانانی پێوەری زیرەک و کۆکردنەوەی کرێی کارەبایە، لەبەرامبەردا 8%ـی داهاتەکە بۆ ئەوان دەبێت.
رامی عوبێدی، خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیاکان دەڵێت، ئامانجیان خزمەتکردنی هاونیشتمانیانە و پابەندی بەڵێنەکانیان دەبن. ئەو گوتی: "ئێمە وەکو کۆمپانیا کارەمان چاکردنی کارەبا، گۆڕینی لە هەوایی بۆ ژێر زەوی، دەستەبەرکردنی 20 کاژێر کارەبا بۆ خەڵک و لادانی هەموو زیادەڕۆییەکانە. ئەگەر کەمتەرخەم بووین، ئامادەین بۆ لێپرسینەوە."
بەرپرسانی کارەبای کەرکووکیش دەڵێن، ئەم کۆمپانیایانە لە مامەڵەکردن لەگەڵ سەرپێچیکاراندا "زۆر لە حکومەت تووندتر دەبن،" بەڵام دەرەنجامەکەی لە بەرژەوەندیی خەڵک دا دەبێت.
دانیال هەمەوەندی، جێگری بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای کەرکووک دەڵێت: "نابێت هەر کەسێک بێت ئاو و کارەبا رابکێشێت و بڵێت تاوەکو دنیا هەبێت بەکاریدەهێنم. ئەم کۆمپانیایە زۆر لە بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئێمە تووندتر دەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا هاونیشتمانیان سوودمەند دەبن، چونکە کارەباکە بە جوانی دابەشدەکرێت."
بەپێی پڕۆژەکە، دوای بڕینی کارەبای زیادەڕۆی هەر گەڕەکێک و دانانی پێوەری زیرەک، حکومەت پابەند دەبێت بە دابینکردنی 20 کاژێر کارەبا بۆ ئەو گەڕەکە. بڕیاریشە لە داهاتوویەکی نزیکدا ماوەکە بۆ 24 کاژێر زیاد بکرێت و بەوەش کێشەی کارەبا لە کەرکووک بە تەواوی کۆتایی پێبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ