لە کەرکووک زەوی بەسەر ئاوارەکانی مادەی 140 دابەش دەکرێت؛ لە نەینەوا بڕیار نەدراوە

13-08-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە کەرکووک زەویی نیشتەجێبوون بەسەر ئاوارەکانی مادەی 140 دا دابەش دەکرێت و پرۆسەکەش سەرەتا لە قەزا و ناحیەکانی پارێزگاکەوە دەست پێدەکات. لە پارێزگای نەینەوا هێشتا بڕیار نەدراوە.
 
کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140ـی دەستووری عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-08-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دابەشکردنی زەوی هەموو ئاوارەکان دەگرێتەوە و گوتیشی: "ئێستا زیاتر لە 39 هەزار و 800 کەس لە کەرکووک قەرەبووی 10 ملیۆن دینارەکەی مادەی 140یان وەرگرتووە. وەرگرتنی زەوی سەرەتا بۆ ئەوان دەبێ و دواتریش ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە مامەڵەیان کردووە."
 
بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140 گوتی: "بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەک پێکدێ و سەرەتا دابەشکردنی زەوییەکەش لە قەزا و ناحیەکانەوە دەست پێدەکات."
 
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند: "پێشتر هادی عامری، سەرۆکی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 نووسراوی دەرکردبوو بۆ ئەوەی زەوی بە ئاوارەکانی مادەی 140 بدرێ."
 
عەبدوڵڵا میروەیس ئاماژەی بەوەش کرد، ئاوارەکانی مادەی 140 بە 10 ملیۆن دینار و پارچەیەک زەوی قەرەبوو دەکرێنەوە و عەرەبی هاوردەش 20 ملیۆن دیناریان پێدەدرێ.
 
بودجەی جێبەجێکردنی مادەی 140 لە یاسای بودجەی 2023ـدا 200 ملیار دینار بوو. بودجەی پاریش 28 ملیار و 750 ملیۆن دیناری لە بودجەی پێرار زیاتربوو، خشتەی بودجەی ئەم ساڵیش لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رەوانەی پەرلەمان نەکراوە بۆ ئەوەی پەسندبکرێت.
 
سەبارەت بە پارێزگای نەینەوا، ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سنووری پارێزگاکە زیاتر لە 51 هەزار کەس مامەڵەی قەرەبووکردنەوەی مادەی 140ـیان کردووە.
 
ئەحمەد دووبەردانی گوتیشی: "دەست بە پێدانی قەرەبووی 10 ملیۆن دینارەکە کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیار لە دابەشکردنی زەوی نەدراوە. دوای ئەوەی دابەشکردنی پارەکە هەنگاوی باشی بڕی، زەویش وەک قەرەبوو بە ئاوارەکان دەدرێ."
 
بەگوێرەی دەستووری عێراق کە ساڵی 2005 بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان پەسند کرا، دەبووایە تاوەکو 31-12-2007 مادەی 140 جێبەجێ بکرێ.
 
ئەو مادەیە لە سێ قۆناخ پێکدێت: ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و گشتپرسی، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا بەشێکی کەمی قۆناخی یەکەمی مادەکە جێبەجێ کراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە بەرنامەی ئەمشەوی لەگەڵ رەنج لە 30 خولەک 800 ملیۆن دینار کۆکرایەوە.

خێرخوازان لەڕێی رووداوەوە 6,687,870,000 دیناریان بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاو

بۆ دووەم شەو لەسەر یەک رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری رووداو بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە باشووری کوردستان، ئەمشەویش چوار سەرمایەدار کۆی گشتی 800 ملیۆن دیناریان بەخشی.