هەولێر دیجیتاڵ
بەرپرسی رێکخستنی پسووڵەی خۆراکی هەولێر دەڵێت، لە 1ـی ئەیلوولەوە تۆمارکردنی منداڵ، زیادکردنی تاک، جیاکردنەوە و گواستنەوە لە سیستمی ئەلیکترۆنیی خۆراک کارا دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی 8ـی 2025، رووبار عومەر، بەرپرسی رێکخستنی پسووڵەی خۆراک لە هەولێر بە رووداوی گوت: "یەکی ئەیلوولی 2025 سیستمی ئەلیکترۆنیی خۆراک لە هەموو عێراق کارادەکرێتەوە. هەرکەسێک بە هەر هۆکارێک نەیتوانیوە ناوی تۆمار بکات، لەو رۆژەوە دەتوانێ ئەو کارە بکات."
2ـی 8ـی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی رێکخستنی پسووڵەی خۆراکی هەولێر رایگەیاند، تاوەکو 25ـی 8ـی 2025، بەئەلیکترۆنیکردنی پسووڵەی خۆراک درێژ دەکرێتەوە.
زیاتر لە دوو ساڵە تۆمارکردنی ناوی منداڵی تازە لەدایکبوو راگیراوە. رووبار عومەر گوتی: "بڕیارە دوای کۆتاییهاتنی تۆمارەکە، هەموو خزمەتگوزارییەکانی فۆرمی خۆراک لە یەکی ئەیلوول بکرێنەوە، لەوانەش تۆمارکردنی منداڵ، گواستنەوەی فۆرم یان فۆرم بۆ خێزانی نوێ."
ئەو بەرپرسەی پسووڵەی خۆراکی هەولێر گوتیشی: "لە تۆمارکردنی ناوی منداڵ، گواستنەوەی فۆرم و جیاکردنەوەی فۆرمدا بڕی 10 هەزار دینار وەک رسوومات و هەزار دیناریش بۆ دروستکردنی کارتی نەخۆشخانە و قوتابخانە وەردەگیرێ کە کۆی گشتی دەکاتە 11 هەزار دینار."
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکانی پسووڵەی خۆراک بۆ رووداو، بە سیستمە کۆنەکە زیاتر لە 5 ملیۆن و 378 هەزار هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن.
پسووڵەی ئێستای خۆراک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1996، بۆیە حکومەتی عێراق بڕیاری دا گۆڕانکاری تێدا بکات. گۆڕانکارییەکە لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکەوەیە کە زانیارییەکان بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی تۆمار دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ