حکومەتی ئەڵمانیا مانەوەی هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق درێژ دەکاتەوە

13-09-2023
سۆران حوسێن
مەشق و راهێنانی راوێژکارانی سەربازیی ئەڵمانیا بە هێزەکانی پێشمەرگە لە هەولێر، وێنە: AFP
مەشق و راهێنانی راوێژکارانی سەربازیی ئەڵمانیا بە هێزەکانی پێشمەرگە لە هەولێر، وێنە: AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا کۆدەبێتەوە و یەکێک لە بڕگەکانی کۆبوونەوەکەی بڕیاردانە لە درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
 
رۆژی چوارشەممە 13ـی ئەیلوولی 2023، كۆبوونەوەی حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە بەرلین رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەڵمانیا ئامادە دەبن و داوا دەکەن، ئەرکی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان درێژ بکرێتەوە.
 
دووشەممەی رابردوو، هەموو فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە لەلایەن وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگرییەوە ئاگادار کراونەتەوە کە حکومەت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا درێژکردنەوەی ماوەی هێزەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات.
 
زنار شینۆ گوتی، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ کاژێر 14:00 بەکاتی هەولێر، بڕیاری درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بدرێت. ئەو هێزانە ئەرکی سەرەکییان راهێنانکردن و یارمەتیدانی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراقە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش.
 
ئەرکی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان 31ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ کۆتایی دێت، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت حکومەت و پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا درێژی بکەنەوە. 
 
20ـی ئەم مانگە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا دەستپێدەکەنەوە. ئەگەر حکومەت بڕیاری درێژکردنەوەی مانەوەکە بدات، ئەو کاتە بڕیارەکە دەنێردرێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی لەوێ دەنگی لەسەر بدرێت و پاشان دەبێت ئەنجوومەنی فیدراڵی پەسندی بکات.  
 
رۆژی 21-10-2022، پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ بڕیاردان لەسەر درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە کۆی 644 پەرلەمانتار 535 پەرلەمانتار بە "بەڵێ" بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەنگیان دا و 104 پەرلەمانتار بە "نەخێر" و 4 پەرلەمانتاریش دەنگیان نەدا.  
 
لە ساڵی 2014ـەوە ئەڵمانیا ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە کە لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی، مەشق و راهێنان، هاوبەشیکردنی زانیاریی هەواڵگری، لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش و سزادانی چەکدارەکانی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە رزگارکراوەکان، یارمەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.