بانکەکانی کرماشان پێدانی قەرزی بانکییان بۆ بەکرێگرتنی خانوو راگرتووە

14-09-2023
رووداو @Rudawkurdish
لە هەر سێ خێزانی نێو شاری کرماشان، لانیکەم یەکێکیان کرێچییە
لە هەر سێ خێزانی نێو شاری کرماشان، لانیکەم یەکێکیان کرێچییە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەر سێ خێزانی نێو شاری کرماشان، لانیکەم یەکێکیان کرێچییە. لە سێ چوار ساڵی رابردوودا، بەرزبوونەوەی بەردەوامی پێش کرێ و کرێی مانگانە تەنگی بە کرێچییەکان هەڵچنیوە و بەشێکیانی ناچار کردووە، خانووەکانیان جێبهێڵن.
 
کرێچییەک لە کرماشان دەڵێت، "ئەو خوشک و برایانەی لێرەن، هیچمان ناوێت، جگە لە خانوو. سوێندتان دەدەم بە ئیمام رەزا، بەو قورئانەی دەیپەرستن، هاوکاریمان بکەن. کچێکم هەیە ناردوومەتە ئیسفەهان لای داپیرەم. نەموێرا بیهێنم لە پارک و لەژێر خێوەتدا بژی."
 
لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کرێچییەکان بۆ بەکرێگرتنی خانوو و یەکەی نیشتەجێبوون دەبێت پارەیەک وەکو پێشەکی بدەن بە خاوەن ماڵ. هەروەها مانگانەش کرێ بدەن. زۆر کەس، بەتایبەت ئەوانەی داهاتیان باش نییە، ناتوانن دابینی بکەن.
 
کرێچییەکی کرماشان باس لەوە دەکات، "سەر بە رێکخراوی خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیم. مانگانە 550 هەزار تمەنم پێدەدەن و ئەویش دەدەم بە کرێی خانوو. چووم خانوو بە کرێ بگرمەوە، دەڵێن، دەبێت 150 ملیۆن تمەن پێشکرێ بدەیت. لە کوێی بێنم، هەر 15 ملیۆن تمەنم هەیە."
 
حکومەتی ئێران دوو ساڵ پێش ئێستا رایگەیاند، بۆ کەمکردنەوەی گوشاری سەر کرێچییەکان، قەرزی بانکییان پێدەدات. بڕی قەرزە بانکییەکە بەپێی گەورەیی و بچووکیی شارەکانە. لە تاران 100 ملیۆن تمەن، لە شارە گەورەکان 70 ملیۆن و لە شارە بچووکەکان 40 ملیۆن تمەن دەدرێتە کرێچییەکان. ئەو قەرزە بە سووی 23% دەدرێتە کرێچییەکان. ئەوانەی قەرزەکە وەردەگرن دەبێت لە ماوەی پێنج ساڵدا و بە قیستی مانگانە، قەرزەکە بگەڕێننەوە.
 
خاوەن نووسینگەیەک لە کرماشان ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو کرێچییانەی دێنە ئێرە و بەدوای خانوودا دەگەڕێن، زۆربەیان فەرمانبەر یان کرێکارن. ئەمساڵ داندراوە کرێ 20% بەرز ببێتەوە و منیش هەوڵمداوە هەر 15% بۆ 20% پێشنیاز بکەم، چونکە فەرمانبەر یان کرێکارێک کە رۆژانە مووچە وەردەگرێت هەر ئەوەندەی هەیە و منیش ئەو رێژەیەم پێشنیاز کردووە."
 
لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا 68 هەزار سەرپەرشتی خێزان بۆ وەرگرتنی قەرزی بانکی بەکرێگرتنی خانوو لە شاری کرماشان ناویان تۆمار کردووە. داواکاریی 34 هەزار کەسیان رەتکراونەتەوە؛ لەو 23 هەزار کەسەش کە داواکارییەکەیان پەسند کراوە، 10 هەزار کەس قەرزیان پێدراوە، دۆسێی زیاتر لە 8000 کەسیش یەکلا نەکراوەتەوە.
 
عەبدولڕەزا غەفووری، جێگری بەڕێوەبەری نیشتەجێکردنی پارێزگای کرماشان دەڵێت، بودجەی ئەمساڵی بانکەکان بۆ پێدانی قەرزی بانکی بەکرێگرتنی خانوو تەواو بووە و ناتوانن قەرزەکە بدەن.
 
حکومەتی ئێران هێشتا ئەو قەرزەی نەداوە و دەڵێت، بڕەکەی زیاد دەکات. گوتەبێژی ئابووریی حکومەت رایگەیاندووە، لە پەرلەمان پەسند کراوە قەرزی بانکیی بەکرێگرتنی خانوو دوو هێندە زیاد بکرێت. ئەگەر ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور پەسندی بکات و ببێتە یاسا، حکومەت دەست بە جێبەجێکردنی دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.