رووداو - سلێمانی
رۆژی چوارشەممە 13ی ئەیلوول لە بەشێک لە قوتابخانەکانی سلێمانی زەنگی یەکەم رۆژی خوێندن و لە بەشێکی دیکەش بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە زەنگی بایکۆتی خوێندن لێدرا.
خوێندنگەی ئامادەیی سلێمانى یەکێک بوو لەو قوتابخانانەی زەنگى یەکەم رۆژى خوێندنی تێدا لێدرا، بەشێک لەوانەى لە دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە قوتابخانەکە ئامادەبوون، ساڵانێک لەنێو پۆلەکانیدا وانەیان دەخوێند؛ چەند کیلۆمەترێکى کەم لەودیو ئامادەیی سلێمانى کوڕانەوە، بەشێک لە مامۆستایانى وانەبێژ و هەمیشەیی، بایکۆتى دەستپێکى خوێندنیان کرد.
دڵشاد میرانی، مامۆستاى ناڕازى دەڵێت، "لە کوردستان چوار جۆر مامۆستا دروستبوون، کە هیچى مووچەى پێنەدراوە، مامۆستاى هەمیشەیی، وانەبێژ، خۆبەخش و گرێبەست."
ئیبراهیم تۆفیق، مامۆستاى وانەبێژ ئاماژەی بەوە کرد، "لەم مایکەى ئێوەوە داوا لە وەزیرى پەروەردە دەکەم، مامۆستایانى گرێبەست لە 2014 و پێشتریش دابمەزرێنێت."
لە پارێزگاى هەڵەبجەش یەکێتیى مامۆستایان، پاڵپشتیى بایکۆتى مامۆستایانیان کرد. داواکاریى مامۆستایانى وانەبێژیش لە رانیە، هاوشێوەى خواستى نزیکەى 2000 وانەبێژى دیکەیە.
کاروخ عەبدوڵڵا، مامۆستاى وانەبێژ گوتی، "بە دڵێکى تەنگەوە بایکۆتمان کردووە و منداڵ و قوتابییانمان جێهێشتووە، بەڵام ناچارین ئەو هەڵوێستە بنوێنین." شوارێس سیامەند، مامۆستاى وانەبێژ ئەوەی خستەڕوو، "چەندین ساڵە گردبوونەوە دەکەین و سوودى نییە، ئەمساڵ بەردەوام دەبین تاوەکو وەڵامێکى جیدى وەردەگرین."
بایکۆتى مامۆستایان لە چەند ساڵى رابردووش هەر هەبووە، ئەوکات گلەیی و هۆکار دەخرایە ئەستۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەڵام ئەمساڵ رووى زۆرینەى گلەیى لە حکومەتى ناوەندیشە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ