رووداو دیجیتاڵ
دوای کۆتاییهاتنی کۆنفرانسە نێوخۆییەکانی پارتی سەوزی چەپ (یەسەپە)، ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی پارتەکە بڕیاری دا مانگی داهاتوو کۆنگرەی چوارەم لە ئەنقەرە ببەستێت.
ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی یەسەپە، لە رۆژی 10ـی تەممووزەوە لە سەرجەم پارێزگاکانی باکووری کوردستان و لە شارە گەورەکانی تورکیادا زنجیرەیەک کۆنفرانسیان رێکخست لەبارەی داهاتووی ئەو پارتەی کە بووەتە ئەڵتەرناتیڤی هەدەپە. دواجار هەفتەی رابردوو کۆنفرانسی ژنانی یەسەپە-ش کۆتاییهات و لە سەرجەم کۆنفرانسەکاندا راسپاردەکان کۆکرانەوە.
ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی یەسەپە لە ئەنجامی ئەم راسپاردانەدا بڕیاریدا رۆژی 15ـی تشرینی یەکەمی 2023، لە هۆڵی وەرزشی ئەتاتورک لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا چوارەمین کۆنگرەی خۆی کرد.
هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی یەسەپە، تاوتوێی گۆڕینی ناوی پارتەکە کرا و 20 ناو پێشنیازکراوە و سەرجەمیان کۆکن لەسەر ئەوەی دەستەواژەی "دیموکراسی" لەناو ناوی پارتەکەدا هەبێت. بەشێکی ئەندامانیش لەگەڵ ئەوەدان دەستەواژەی "یەکسانی" بەشێک بێت لە ناوە نوێیەکەی ئەم پارتە سیاسییە.
پارتی سەوزی چەپ لە 25ـی تشرینی 2012 بەناوی (پارتی سەوزەکان و ئایندەی چەپ) دامەزراوە و رۆژی 2ـی نیسانی 2016 لەگەڵ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی تورکیا یەکیان گرت و ناویان بۆ پارتی "سەوزی چەپ" گۆڕی و کۆنگرەیەکی نائاسایی و سێ کۆنگرەی ئاساییان بەستووە و ئەندامی پێکهاتەی "کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراسی" (هەدەکە)ن کە رۆڵیان هەبووە لە دامەزراندنی هەدەپە و لە بنەڕەتدا ئەندامی پارتی سەوزی ئەوروپین. سیستمی سەرۆکایەتییان "هاوگوتەبێژە" و هەریەک لە ئیبراهیم ئاکن و چیدەم کڵچگون ئوچار هاوگوتەبێژی پارتەکەن.
ئەو پارتە سیاسییە لە بری هەدەپە، بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاری تورکیا کرد، کە تێیدا 4 ملیۆن و 803 هەزار و 737 دەنگیان بەدەستهێنا و بوونە خاوەن 62 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ