رووداو دیجیتاڵ
رووداوێکی هاتووچۆی دڵتەزێن لە کەرکووک روویدا و بەهۆیەوە 6 کەس گیانیان لەدەستدا، ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون. رووداوەکە لەڕێگەی بازنەیی کەرکووک روویدا و سەرنجەکانی جارێکی دیکە خستەوە سەر پرسی کوالێتیی
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی هاتووچۆ و شایەتحاڵان، رووداوەکە نزیک کاژێر 7:00ـی بەیانی روویدا. سەرەتا، ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپڵ ڤێکترا، کە لەڕێگەی سلێمانییەوە بەرەو هەفتەبازاڕ دەڕۆیشت، بە خێراییەکی زۆرەوە سێ کەسی شێلاوە کە شۆفێری سێ بارهەڵگر بوون. دواتر ئۆپڵەکە خۆی کێشاوە بە یەکێک لە بارهەڵگرەکاندا.
عەقید عامر نەریمان، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک بە رووداوی گوت، "کە شۆفێری ئۆپڵەکە خۆی بە تاسەیەکدا کێشاوە، کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە. ئەو سێ شۆفێرەی بارهەڵگرەکان لەوێ وەستابوون بۆ چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان. ئۆپڵەکە بەو خێراییە زۆرەیەوە یەکەم جار لەو سێ شۆفێرەیداوە. لەبەر زۆریی خێراییەکە، یەکێک لە شۆفێرەکانی هەڵداوەتە سەر ئۆتۆمبێلەکەی."
لە ئەنجامی ئەو رووداوەدا، هەرسێ شۆفێری بارهەڵگرەکان و سێ سەرنشینی نێو ئۆپڵەکەش کە هەموویان کوردبوون، گیانیان لەدەستدا. سەرەتا چوار کەس لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسی دیکە برینداربوون. دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانە، دووانی دیکە لە بریندارەکان بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستدا.
غازی تەیفور، مامی یەکێک لە بریندارەکان باسی لەوە کرد کە سەرنشینانی ئۆپڵەکە ئێوارەی دوێنێ لە سەیران گەڕابوونەوە لە دووکان: "بەیانی گەڕابوونەوە. کاژێر 07:05 گەیشتوونەتە لای هەفتەبازاڕ. ئامۆزایەکی شۆفێری ئۆپڵەکە گوتبووی وەرن تاقیکردنەوەم هەیە و دواکەوتووم، بوونەتە 6 کەس لەناو ئۆتۆمبێلەکە. تڕێلەیەکی دیکە رێگەی نەدابوون دەربچن، سەکنیان گرتووە و ویستوویانە دەربچن. پیکابێکیش بەدوایانەوە بووە ویستوویەتی دەربچێ، تاسەیەکی گەورە هاتووەتە پێشیان، لە تاسەکەیان داوە و کۆنتڕۆڵیان لەدەستداوە و خۆیان خستووەتە ژێر ترێلەکەوە."
ئەنەس ئیسماعیل، هاوڕێی ئەلەند، یەکێک لە قوربانییەکان بە خەمبارییەوە گوتی: "لە سەیران کە گەڕابوونەوە ئەم رووداوە روویدا. من لە خەو رابووم تەلەفۆنیان کرد و گوتیان وەرە ئەلەند مردووە. ئەلەند تەمەنی 21 ساڵە، پێش هەفتەیەک یادی لەدایکبوونی کردەوە."
لە ئێستادا دۆخی بریندارەکان جێگیرە و لە نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکووک چارەسەریان بۆ دەکرێت.
بەپێی هێڵکاریی هاتووچۆ، تاسەیەک لەسەر پردی چەمی خاسە هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە بووە. رێگەی بازنەیی کەرکووک، کە بەدەوری شارەکەدا دەسووڕێتەوە، بەهۆی بوونی چاڵ و چۆڵی و تێکچوونی قیرتاوەکەی، رۆژانە دەبێتە هۆی رووداوی هاوشێوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ