رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان دەڵێت، پێشبینی دەکەن ئەم ساڵ بەرهەمی باخەکانی زەیتوونی پارێزگاکە زیاتر لە 6000 تۆن بێت.
ئەمڕۆ شەممە 13ی ئەیلوولی 2025، سەعید کەرەمی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، نزیکەی دوو هەفتەیە وەرزی لێکردنەوەی زەیتوون لە پارێزگای کرماشان دەستی پێکردووە و تاوەکو کۆتایی پاییز بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان گوتی، "لە پارێزگاکەدا نزیکەی هەزار هێکتار زەوی زەیتوون هەیە و بەرهەمی ئەم ساڵی ئەو باخانەش بە شەش هەزار تۆن دەخەمڵێندرێت."
سەعید کەرەمی گوتیشی، "زۆرترین باخەکانی زەیتوونی پارێزگاکە لە شارەکانی داڵاهۆ، سەرپێڵ زەهاو، سەلاسی باوەجانی، جوانڕۆ، قەسری شیرین، گێیەڵان و پاوەن."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان دەڵێ، نزیکەی نیوەی بەرهەمی زەیتوونی پارێزگاکە بۆ خواردنە و نیوەی دیکەشی بۆ دروستکردنی رۆن بەکاردەهێندرێت.
بە گوتەی کەرەمی، پارێزگای کرماشان لەڕووی باخەکانی زەیتوونەوە لەسەر ئاستی ئێران لە ریزی هەشتەم و لەڕووی بەرهەمی زەیتوونەوە لە ریزی حەوتەمە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ