زانکۆی تیشک خوێندنی ماستەر و بەشی ژیریی دەستکرد دەکاتەوە

13-09-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

زانکۆی تیشک پێشانگەیەکی دوو رۆژەی بۆ ناساندنی بەشەکانی کردووەتەوە. سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆکە دەڵێ، ئەم ساڵ خوێندنی ماستەر دەکەنەوە و بەشی ژیریی دەستکرد زیاد دەکەن.
 
د. ئیدریس هادی، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی تیشک رایگەیاند، "ئەمڕۆ رۆژی ناساندنی زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتییە و پێشانگایەکمان لە هۆڵی گەورەی شیراتۆن کردووەتەوە."
 
د. ئیدریس دەشڵێت، "خوێندکاران و قوتابیان دەتوانن سەردانمان بکەن. ئێمە لە هەموو بەشە زانستییەکان ستاندێکمان داناوە بۆ ئەوەی زانیاری تەواو لەسەر بەش و پسپۆڕییەکان بدەینە قوتابیان."
 
سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆکە گوتیشی، "زانکۆی تیشک یەکێکە لە زانکۆ پێشکەوتووەکانی هەرێمی کوردستان و لە ریزبەندی یەکەمدایە لەنێو زانکۆ ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق."
 
د. ئیدریس هادی گوتیشی، "ئێستا 34 بەشمان هەن کە هەموویان بەپێی پێداویستییەکانی بازاڕ کراونەتەوە. بەشەکانی وەک پزیشکی و ئەندازیاری و چەندین بەشی دیکەی نوێمان کردووەتەوە کە بازاڕیش پێویستیانە و دەرچووانیش ئاسانتر کار دەدۆزنەوە."
 
قسەکانی د. ئیدریس لە کاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 9:00ـی ئەمڕۆ شەممەی رووداو کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشكێشی کرد.
 
سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکان و نرخی خوێندن، د. ئیدریس هادی ئاماژەی بەوەدا، "پێشانگاکە بۆ ئەوەیە کە خوێندکاران بێن و بەشە نوێیەکان ببینن، لەوێ سیمینار پێشکێش دەکرێ. هەروەها، بۆ ئەو خوێندکارانەی لە زمانی ئینگلیزی و کۆمپیوتەردا لاوازن، خولی تایبەتمان بە خۆڕایی بۆ دەکەینەوە وەک پاداشتێک."
 
سەبارەت بە نرخی خوێندن، ئەو بەرپرسەی زانکۆکە رایگەیاند، "نرخەکان بەپێی تێچووی خوێندنەکە دادەنرێن، بەڵام هەرزانن بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ. بۆ نموونە، پزیشکیی ددان نزیکەی 6300 دۆلارە کە لە وڵاتانی دەوروبەر نزیکەی 10 هەزار و 500 دۆلارە."
 
د. ئیدریس دەربارەی خوێندنی ماستەر رایگەیاند، "ئەم ساڵ خوێندنی ماستەریش دەکەینەوە و رەزامەندیمان وەرگرتووە. مەرجەکانی وەرگرتنیش هەمان مەرجی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە بۆ زانکۆ حکومییەکان، وەک ئەوەی کۆنمرەی لە 60 کەمتر نەبێ."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی رۆڵی ژیریی دەستکرد، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی تیشک گوتی، "بەشی ژیریی دەستکرد و سایبەرسێکیورتی دەکەینەوە کە زۆر گرنگن. هەشت بەشی ئەندازیاریمان هەن کە تەنیا لە زانکۆی تیشکدا هەن، وەک بەشی فڕۆکەوانی، میکاترۆنیکس، ژیریی دەستکرد و سایبەرسێکیورتی."
 
گوتیشی، "لەگەڵ چەندین ئاژانسی نێودەوڵەتی لە ئوردن و فڕۆکەخانەی هەولێر رێککەوتنمان هەیە بۆ ئەوەی خوێندکارانی بەشی فڕۆکەوانی بتوانن لەوێ وانەکان بە پراکتیکی بکەن و مەشقیان پێبکرێ. بەشی تایبەت بە فڕۆکەوانی لە ئوردن رێککەوتنی لەگەڵ ئەڵمانیا هەیە و دوای تەواوکردنی خوێندن، خوێندکاران دەتوانن بۆ شەش مانگ بچنە ئەڵمانیا و ببنە فڕۆکەوان."
 
پێشانگەکە ئەمڕۆ و سبەی بەردەوام دەبێ و لە کاژێر 11:00ـەوە تاوەکو کاژێر 19:00 کراوەیە.
 
زانکۆی تیشک لە 8 کۆلیژ و 34 بەش پێکدێ کە ساڵانە نزیکەی 5 هەزار خوێندکار لەو زانکۆیە دەخوێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.