رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پەدەکەسە دەڵێت، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان تاوەکو ئێستا نەوەستاون و بەهۆی بۆردوومانەکانەوە خەڵێکی زۆر گیانیان لەدەستداوە یان بریندار بوون.
رۆژی هەینی، 13-10-2023، بەشار ئەمین، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان- سووریا (پەدەکەسە) لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هیڤیدار زانا پێشکێشی کرد، رایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان هەندێک جار کەم دەبن، بەڵام تاوەکو ئێستا بەردەوامن و بە تەواوی نەوەستاون.
بەشار ئەمین، ئاماژەی بەوە کرد، لە دێرکەوە تاوەکو سەرێکانێ، بەتایبەتیش ناوچەکانی قامشلۆ، ستەمێکی زۆر لە هاووڵاتییان کراوە و زۆر لە کێڵگە نەوتییەکان و شوێنەکانی خزمەتگوزاری بۆردوومانکراون.
وەک ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پەدەکەسە گوتی، بەهۆی نەبوونی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، گوشارێکی زۆر خراوەتە سەرە خەڵکی سڤیل و گوتیشی، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان برینداربوونە یان گیانیان لەدەستداوە.
بەگوتەی بەشار ئەمین هاتووچۆی هاووڵاتییان لە نێوان شار و گوندەکانی رۆژئاوای کوردستان زۆر کەم بووەتەوە، ئەوەش بەهۆی مەترسیی ئەگەری بۆردوومان کە رەنگە لە هەر کات و شوێنێک رووبدات.
لە 4ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵەوە تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بە تەواوی دەستپێکردووە، لەو رۆژەوە چەندین جار بە چڕی بۆردوومانی ناوچەکانی سنووری دێرکی کردووە.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بڵاویکردووەتەوە، لە چوارشەممەی رابردووەوە تورکیا 180 شوێنی لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە کردووەتە ئامانج، 14 لەوان وێستگەی سووتەمەنی، نۆ وێستگەی کارەبا؛ هەشت وێستگەی ئاو؛ 220 نانەواخانە، دوو نەخۆشخانە و 48 قوتابخانە کراونەتە ئامانج.
ئەم ئۆپەراسیۆنە نوێیە چوارشەممەی رابردوو دەستیپێکرد؛ لە ئەنجامی هێرشەکەی سەر بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی تورکیا لە ئەنقەرە بوو. تورکیا دەڵێت، هێرشکارەکان لە ناوچەکانی ژێر بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە چووبوون، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و بە 'بیانوو' ناوی برد.
بەپێی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا 45 کەس گیانیان لەدەستداوە و 50 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان- سووریا دەڵێت، تورکیا بەهۆی هێرشەکەی سەر بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتی لە ئەنقەرە، دەبێت بەرامبەر پەکەکە دژ کردەوەی هەبێت، نەک رۆژئاوای کوردستان و هاووڵاتییانی سڤیل.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ