رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێت، بۆ ئاگاداربوونی دۆخی تەندروستی و ژیانی، سەردانی هونەر رەشید ئاغایان لە زیندانی ئاسایشی هەولێر کردووە.
رامان مەجید، راوێژکار لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ سەردانی هونەر رەشید ئاغامان کرد لە زیندانی ئاسایشی هەولێر".
لەبارەی تەندروستیی ئەو بەندکراوەی ئاسایش، راوێژکارەکەی دەستەی مافی مرۆڤ گوتی: "دواتر بە راپۆرتێک دەستەکەمان وردەکاری سەردانەکە روون دەکاتەوە".
ئابی ئەم ساڵ دەنگۆی هەواڵی کوژرانی هونەر رەشید ئاغا لە زینداندا بڵاوکرایەوە، هەر ئەوکات سەرۆکی دەستەکە رەتیکردەوە.
04ـی ئاب، مونا یاقۆ، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، "تیمەکەمان سەردانی هونەر رەشید ئاغایان کردووە و دڵنیابووینەوە لە تەندروستی. هونەر هێشتا رێکارەکانی لێکۆڵینەوە لەگەڵی تەواو نەبووە و حوکم نەدراوە".
هەمان کات دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دوای بڵاوبونەوەی چەند هەواڵێک لەسەر دۆسیەی هونەر رەشید ئاغا، کە باس لە نادیاری چارەنووسی و کوژرانی دەکرا، "سەرۆکی دەستە د. مونا یاقۆ، تیمێکی دەستەی راسپارد بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکە و تیمەکە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێریان کردووە."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، تیمی دەستەکە لەگەڵ کارگێڕی ئاسایشی هەولێر گفتوگۆیان کردووە و چاویان کەوتووە بە هونەر رەشید ئاغا.
دەستەی مافی مرۆڤ لە راگەیێندراوەکەیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە، هونەر رەشید "ماوەی یاسایی خۆی بەسەر دەبات"، رووداو پرسیاری لە مونا یاقۆ کرد کە ئایا دادگەیی کراوە؟ سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ گوتی: "دادگەیی نەکراوە و تائێستا حوکم نەدراوە."
دوای تۆمارکردنی چەند سکاڵایەک لە دژی، رۆژی 6ی حوزەیرانی 2023، هونەر رەشید لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەولێر بەگوێرەی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکرا.
لە یاسای سزادانی عێراقی مادەی 406 بۆ تاوانەکانی کوشتن بەسەر تۆمەتبار دەسەپێندرێت. بەپێی جۆر و کاتی کوشتنە لەلایەن دادگەوە جۆری سزاکەی بۆ دیاری دەکرێت، لە زیندانیکردنەوە دەیگرێتەوە تاوەکو زیندانی تاهەتایی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ