رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە لە ناوچە شاخاوییەکانی چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دابەشکردنی نەوت دەستپێدەکات. پارێزگاری هەولێر دەڵێت، لە سەنتەری شارەکانیش دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگای لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکانەوە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، دابەشکردنی نەوتی بەسەر هاوڵاتییاندا دەستپێدەکات.
وەزارەتەکە دەڵێت: "دابەشکردنی نەوت بۆ زستانی ئەم ساڵ بۆ هەر خێزانێک 200 لیتر دەبێت و ئەمڕۆ لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکانی ( هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک) هەروەها ئیدارە سەربەخۆکانی (سۆران، راپەڕین، گەرمیان و زاخۆ ) دەستپێدەکات".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ناوچە شاخاوییەکان قۆناخی یەکەمە و دواتر لە تەواوی سەنتەری شارەکانیش بە هەمان بڕ و نرخ دابەش دەکرێت و دەدرێتە هەموو ماڵێک".
پێش راگەیێندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، دوێنێ تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوی کردەوە، دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و نرخی بەرمیلێک 103 هەزار و 500 دینارە.
ئەمڕۆ لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان، نرخی بەرمیلێک نەوت بە نزیکەی 180 هەزار دینار دەگاتە دەستی هاونیشتمانییان.
ساڵی رابردوو دابەشکردنی نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو لە 12ـی ئەیلوولەوە دەستیپێکرد.
بۆ وەرگرتنی نەوت، هەرێمی کوردستان دابەشی سەر سێ زۆن کراوە: ناوچە شاخاوییەکان 320 هەزار خێزان، ناوچەکانی دەوروبەر 340 بۆ 345 هەزار خێزان و سەنتەری شارەکانیش 625 هەزار خێزانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ