رووداو دیجیتاڵ
زێڕنگران دەڵێن پێشتر زاواکان 25 بۆ 35 مسقاڵ زێڕیان بۆ بووک دەکڕی، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی، ئێستا 5 بۆ 15 مسقاڵ دەكڕن. پارێزەرێک دەڵێت، یاسا هیچ مەرجی دانەناوە بۆ بڕی زێڕ. یەکێتیی زانایانیش پێشوازی لە کەمکردنەوەی کڕینی زێڕ لەلایەن ماڵباتی کچانەوە دەکات و دەڵێت، "هاوسەرگیری، لە مادە گەورەترە لە ئیسلامدا".
لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی زۆرینەی وڵاتانی موسڵمان، لەکاتی هاوسەرگیریدا کوڕ یان ماڵباتەکەی ناچارە بە کڕینی زێڕ بۆ ئەو کچەی دەیکاتە هاوژینی، ئێستا کە نرخی زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە، کڕینی زێڕ کەمیکردووە و یەکێتی زانایانیش داوا دەکات، ئاسانکاری بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری بکرێت.
زێڕنگران: کڕینی زێڕ بۆ هاوسەرگیری بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە
بەگوێرەی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر بۆ رووداو، ئەمڕۆ مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 833 هەزار دینارە، عەیار 22 بە 873 هەزار دینار و عەیاری 18 بە 715 هەزار دینار دەفرۆشرێت.
عەبدوڵڵا ئەکرەم، زێڕنگر لە شاری هەولێر، کە هاوکات جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێرە ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێش بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، بۆ هاوسەرگیری هەبوو 100 مسقاڵی دەکڕی، هەبوو 50 مسقاڵ، بەڵام زۆرینەی خەڵک 40 مسقاڵ بوو، لە هەولێر کەمترین 35 مسقاڵ دەکڕدرا".
بەگوتەی ئەو زێڕنگرە، ئێستا بڕەکە بۆ زیاتر لە نیوە دابەزیوە و گوتی: "زۆرینە 10 بۆ 15 مسقاڵ دەکڕن، بەشێکی کەمیش هەن تاوەکو 25 مسقاڵ دەکڕن".
لە شاری سلێمانی دۆخەکە لە هەولێر خراپترە. دانای شێخ سەیدا، بازرگانی زێڕ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێش بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، ئەوانەی هاوسەرگیرییان دەکرد زۆرینە لەنێوان 20 بۆ 40 مسقاڵ زێڕیان دەکڕی، ئەوە جگە لەوانەی پارەداربوون و زۆر زیاتریان دەکڕی، بەڵام ئێستا بۆ نیوە زیاتر کەمیکردووە و هاوسەرگیریش زۆر کەم بووەتەوە".
بەگوێرەی ئەو زێڕنگرەی شاری سلێمانی، "ئێستا زۆرینە 5 بۆ 10 مسقاڵ زێڕ دەکڕن، ئەوانەش بەشێکیان لیرە دەکڕن، بۆ ئەوەی کە فرۆشتیانەوە زیان نەکەن، یان قازانجێکیش بکەن".
پارێزەرێک: دادوەر کەس ناچار ناکات بە کڕینی زێڕ
پارێزەر ئاڵا کامەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دادوەر و یاسا لە پرۆسەی هاوسەرگیریدا هیچ کاتێک مەرج دانانێن بۆ کڕینی زێڕ، بەڵام دەبێت لەکاتی گرێبەستتدا زێڕ یان پارە یان شتێک دیاری بکرێت و تۆمار بکرێت".
ئەو پارێزەرە گوتی: "زێڕ گرانە و ئێستا زێڕی کەم دەکرێت، بێگومان باسی زۆرینەی خەڵک دەکەم، کەیسم هەیە تەنیا دوو مسقاڵ زێڕی حازری بۆ کراوە؛ هەمە پێنج مسقاڵ".
ئاڵا کامەران ئاماژەی بەوەشکرد، هەیە زێڕ ناکرێت بەهۆی بەرزیی نرخەوە. ئەو دەڵێت: "گرێبەستی هاوسەرگیریمان هەیە پارە دادەنێن، هەیە ملیۆنێک دینارە و هەیە سێ ملیۆن، زیاتر و کەمتر بەگوێرەی توانای کوڕەکە".
یەکێتی زانایان: شەرع لەگەڵ ئاسانکاریدایە بۆ هاوسەرگیری
د.عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان، سەبارەت بە مارەیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەپێی بنەماکانی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام، ئەوان ناتوانین هیچ ئەندازەیەک بۆ مارەیی دیاری بکەن، بەڵام دەڵێت، "ئیسلام جەخت لەوە دەکاتەوە مارەیی کەم دەبێتە مایەی بەرەکەت بۆ هاوسەران".
شێرکاوەیی گوتی: "ئێستا زێڕ زۆر گران بووە رەنگە هەموو ماڵباتێک توانای نەبێت ئەو ئەندازەیەی باو بووە لە ناو کورد دا 30 مسقاڵ و 40 مسقاڵ یان زیاتر بکڕێت، بۆیە گرنگە پرۆسەی هاوسەرگیری نەبەسترێتەوە بە داواکردنی زێڕی زۆر و گرانکردنی ئەرکی گەنجان، چونکە پرۆسەکە زۆر لەوە پیرۆزتر و گەورەترە لە شتی مادی قەتیس بکرێت".
گوتەبێژی یەکێتی زانایان گوتیشی: "لە ئیسلامدا هیچ ئەندازە و شتێک بۆ مارەیی دیاری نەکراوە، بۆیە ئاساییە کە زێڕ گران بووە با زیو بکڕدرێت یان زۆر ئاساییە لەبەر گرانی زێر کچان لە جیاتی داوای زۆر بکەن با داوای کەم بکەن، چونکە پرۆسەکە لە حەز و ویستە مادییەکە گەورەتر و لە پێشترە".
پرۆسەی هاوسەرگیری لە هەرێمی کوردستان
بەگوێرەی ئاماری ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، کە ئاداری ئەمساڵ بڵاوکرایەوە، پار 51 هەزار و 18 مارەبڕین تۆمار کراون، زۆرترینی لە پارێزگای سلێمانی بووە، کە 18 هەزار و 522 مارەبڕینە؛ دواتر لە هەولێر 17 هەزار و 591 مارەبڕین، لە دهۆک 12 هەزار و 199 مارەبڕین و لە گەرمیانیش 2706 مارەبڕین تۆمار کراون.
بەگوێرەی ئامارەکە، لە هەولێر پار بەراورد بە پێرار 48 مارەبڕین زیادی کردووە؛ هەروەها لە سلێمانی بەراورد بە هەمان کات 1905 مارەبڕین کەمی کردووە؛ لە دهۆک 300 مارەبڕین کەمی کردووە و لە گەرمیانیش 88 مارەبڕین زیادی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ