وەزارەتی پەروەردە: کتێب و پێداویستییەکانی خوێندنی کوردی لە ناوچە دابڕێندراوەکان دابیندەکەین

13-10-2025
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێ، حکومەتی عێراق خوێندنی کوردی لە ناوچەکانی مادەی 140 پشتگوێ خستووە و ئەوان کتێب، داتاشۆ، کورسی، فێنککەرەوە و پێداویستییەکانی دیکە بۆ قوتابیانی خوێندنی کوردی لەو ناوچانە دابیندەکەن. بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێ، یەک ملیۆن کتێبی کوردییان بەدەست گەیشتووە. سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانیش دەڵێ: "پشتیوانیی هەرێمی کوردستان نەمێنێ، خوێندنی کوردی لەو ناچانە پەکی دەکەوێ".
 
بەگوێرەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، بۆ خوێندنی ئەم ساڵ 22 ملیۆن و 134 هەزار و 74 کتێبی کوردی بۆ قوتابیانی باشووری کوردستان چاپکراون.
 
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، کتێب بۆ هەموو قوتابخانە کوردییەکانی ناوچەکانی مادەی 140 چاپکرا و رادەستیان دەکەین".
 
لە کەرکووک، مەخموور، شنگال، خانەقین و خوورماتوو قوتابخانەی خوێندنی کوردی هەن و بە گوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەم ساڵ زیاتر لە 150 هەزار قوتابی لەو قوتابخانانەدا دەخوێنن.
 
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە هەرێمی کورستانەوە یەک ملیۆن کتێبی کوردییمان بەدەستگەیشتووە. هەموو پێداویستییەکانمان حکومەتی هەرێمی کوردستان دابینیان دەکات".
 
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە گوتی: "حکومەتی عێراق بە تەواوی خوێندنی کوردی لە ناوچەکانی مادەی 140 پشتگوێ خستووە. ئامانجی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پشتیوانی و برەودانە بە خوێندن بە کوردی و زمانی کوردی. لەو چوارچێوەیەشدا هەموو پشتیوانییەکانی قوتابخانەکان دەکەین".
 
سامان سیوەیلی ئاماژەی بەوەکرد، جگە لە دابینکردنی کتێب، مووچەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی، تەختی دانیشتنی قوتابیان، داتاشۆ، ئامێرەکانی فێنککەرەوە و سەرجەم پێداویستییەکانی دیکەی قوتابخانە کوردییەکانی ناوچەکانی مادەی 140 لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانەوە دابیندەکرێن.
 
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "حکومەتی عێراق رێگریی زۆر بۆ خوێندنی کوردی لە ناوچەکانی مادەی 140 دروست دەکات. ئەوەی خوێندنی هێشتووەتەوە هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستانە".
 
بەگوتەی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، بە گوێرەی دەستووری عێراق دەبێ لە قۆناخی 10ـەوە لە هەموو عێراقدا زمانی کوردی بخوێندرێ و ئەوەش پشتگوێ خراوە؛ گوتیشی: "هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستان نەبێت، خوێندنی کوردی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پەکی دەکەوێ و تەواو دەوەستێت".
 
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێ: "زیاتر لە 100 هەزار قوتابی لە خوێندنی کوردی بۆ ساڵی نوێی خوێندن لە کەرکووک دەخوێنن".
 
بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد، لە سنوورەکەیان 557 قوتابخانەی کوردی هەن و زیاتر لە 8 هەزار و 500 مامۆستا وانەیان تێدا دەڵێنەوە.
 
هەروەها بە گوتەی مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەی پەروەردەی شنگال (کوردی) کە سەر بە پەروەردەی پارێزگای دهۆکە، بۆ ئەم ساڵی خوێندن زیاتر لە 26 هەزار قوتابی لە خوێندنی کوردی دەخوێنن و هەرێمی کوردستان پێداویستییەکانیان دابیندەکات.
 
لە سنووری شنگال 105 قوتابخانە هەن کە خوێندن تێیاندا بە زمانی کوردییە و تێیدا 2780 مامۆستا و فەرمانبەر پرۆسەی خوێندن بەڕێوەدەبەن.
 
لە قەزای خانەقینیش بەشی کوردی هەیە. بەگوێرەی پەروەردەی کوردی لە خانەقین، 3 هەزار و 300 مامۆستا و فەرمانبەریان هەیە و ساڵانە وانە بە نزیکەی پێنج هەزار قوتابی خوێندنی کوردی لە سنوورەکە 32 قوتابخانەدا دەڵێنەوە. 
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە سنووری قەزای مەخمووریش 86 قوتابخانەی خوێندنی کوردی هەن و زیاتر لە 863 مامۆستا وانە بە زیاتر لە هەشت هەزار قوتابی دەڵێنەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.