بایکۆتکارانی هەڵبژاردن دەنگدەرانیان لە ناوچە کوردستانییەکان سەرپشک دەکەن

13-10-2025
جەمال حەسەن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەو حیزبە کوردستانییانەی بایکۆتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان کردووە، لەسەر ناوچە جێناکۆکان هەڵوێستیان جیاوازە، بزووتنەوەی ئیسلامی پاڵپشتی لە بەربژێرانی کورد دەکات، بزووتنەوەی گۆڕانیش چاوەڕوانی ئەنجامی راپرسییەکی نێوخۆی حیزبەکەیە تاوەکو هەڵوێستی خۆی رابگەیێنێت.
 
د. عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەرچەندە ئەوان پێشتر بە فەرمی رایانگەیاندووە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ناکەن و بایکۆتیان کردووە، بەڵام بۆ کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە داوا لە دەنگدەران و لایەنگرانیان دەکەن بەشداری پرۆسەکە بکەن".
 
د. عەبدوڵڵا وەرتی دەڵێ: "دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان جیاوازە، لەوێ رکابەرییەکی تووند هەیە لە نێوان کورد و نەتەوەکانی دیکە، بۆیە پێویستە پرسی نەتەوەیی لەبەرچاوبگیرێت و دەنگدەرانی کورد بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا بکەن."
 
سەبارەت بەوەی لایەنگرانی بزووتنەوەی ئیسلامی بڕیارە دەنگ بە کێ بدەن، گوتەبێژی حیزبەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەنگدەران و لایەنگرانی بزووتنەوەی ئیسلامی ئازادن لەوەی دەنگ بە کێ بدەن، گرنگ ئەوەیە بەربژێرەکە کورد بێ و خزمەت بە دۆزی کورد بکات".
 
بزووتنەوەی گۆڕان بەهۆی کێشە نێوخۆییەکانی حیزبەکە نەیتوانیوە لەم هەڵبژاردنەدا بەشداربێت، تاوەکو ئێستا هەڵوێستان روون نییە لایەنگران و دەنگدەرانیان لەم هەڵبژاردنەدا بڕیارە دەنگ بە کێ بدەن.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو بزووتنەوەی گۆڕان - ئاراستەی گردەکە لەنێوخۆی حیزبەکە راپرسییەکیان داوەتە دەنگدەران و لایەنگرانیان ئایا هەڵوێستی بزووتنەوەکەیان لەم هەڵبژاردنەدا چۆن بێت، بڕیاریشە تاوەکو هەفتەیەکی دیکە ئەنجامی راپرسییەکە بگاتەوە دەستیان، ئەو راپرسییە دەبێتە بنەما بۆ هەڵوێستی بزووتنەوەکە لەم هەڵبژاردنە، چ لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان، یان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
 
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین بەربژێر و کۆمەڵی دادگەریی ئیسلامی کوردستان کەمترین بەربژێریریان هەیە، پارتی و یەکێتی لە هەندێک ناوچەی کوردستانی لیستیان نییە، بەڵکو بەربژێریان لە نێو لیستە عەرەبییەکاندا هەیە.
 
بەڵام لە بازنەکانی دیکە ژمارەی بەربژێری حیزبە کوردستانییەکان بەم جۆرەیە:
 
بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان
 
نەینەوا: 61 بەربژێر
کەرکووک: 24 بەربژێر
سەڵاحەدین: 1 بەربژێر
دیالە: 1 بەربژێر
 
بەربژێرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
 
نەینەوا: 32 بەربژێر
دیالە: 27 بەربژێر
کەرکووک: 24 بەربژێر
سەلاحەددین: 1 بەربژێر
 
بەربژێرانی جووڵانەوەی نەوەی نوێ
 
کەرکووک: 7 بەربژێر
نەینەوا: 7 بەربژێر
دیالە: 4 بەربژێر
 
بەربژێرانی بەرەی گەل
 
کەرکووک: 5 بەربژێر
 
بەربژێرانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
 
دیالە: 5 بەربژێر
کەرکووک: 5 بەربژێر
 
سەربەخۆکان:
 
کەرکووک: 1 بەربژێر
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ساتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکە

هەڵمەتی زاگرۆسانە لە مەریوان بۆ رواندنی دار و چاندنی دەنکە بەڕوو بەڕێوەچوو

ژینگەدۆست، وەرزشڤان، هونەرمەندان و چین و توێژەکانی دیکەی سنووری مەریوان لە (هەڵمەتی زاگرۆسانە)ی ئەم ساڵدا بۆ رواندنی دار و چاندنی دەنکە بەڕوو، چوونە چیاکانی کاڵ و سنووری دەگا شێخان بۆ جوانترکردن و سەوزترکردنی سرووشت