خوێندنی باڵا: سبەی ئەنجامی زانکۆلاین رادەگەیێندرێت

13-10-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی ئەنجامی زانکۆلاین بۆ وەرگرتنی قوتابیانی پۆلی 12 لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکەن.
 
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی وردەکاری ئەنجامەکان بۆ قوتابیان دەخەینەڕوو، کە چەند کەس وەرگیراون و چەند وەرنەگیراون و هۆکاری وەرنەگرتنیان چی بووە".
 
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەکرد، سبەی هەموو ئەو نمرانە ئاشکرا دەکەن کە کۆلێژەکان بۆ خوێندنی ساڵی نوێ وەریانگرتوون.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەم ساڵ 57 هەزار و 980 قوتابیی بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان دەرچوون، لەوانە: 42 هەزار و 257 دەرچووی بەشی زانستی، 13 هەزار و 826 دەرچووی بەشی وێژەیی، هەزار و 327 دەرچووی ئامادەیی پیشەیی و 570 دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکانن.
بەگوێرەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ رووداو، نزیکەی 54 هەزار قوتابی فۆڕمی زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە و سبەی ئەنجامەکە وەردەگرنەوە.
 
23ـی ئەیلوول، زانکۆلاین کارا کرا تاوەکو 02ـی ئەم مانگە. ئەم ساڵ دەرچووان لە 680 بەشی 16 زانکۆدا بە هەر سێ جۆری خوێندنی (زانکۆلاین، پارالێل و ئێواران) وەردەگیرێن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.