رووداو دیجیتاڵ
لەدوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە رووداو کە تێیدا دەردەکەوێت کەسێک سووکایەتیی بە گەنجێک دەکات و لێی دەدات، ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارەکە دەستگیردەکات.
رۆژی یەکشەممە، 12-11-2023 رووداو لە بووڵتەنی کاژێر 14:00 ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، کەسێک هێرشدەکاتە سەر گەنجێک و سووکایەتی پێ دەکات. ڤیدیۆکە لەلایەن هاونیشتمانییەکەوە بۆ رووداو نێردرابوو و رووداو لەدوای لێکۆڵینەوە لە راستی و دروستیی ڤیدیۆکە، ڤیدیۆکەی بڵاوکردەوە کە دەرکەوت لە هەولێر بووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی تشرینی دووەمی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "دوای ئەوەی گرتەڤیدیۆیەک لە دەزگایەکی میدیایی بڵاوکرایەوە کە کەسێک دەردەکەوێت هێرش دەکاتە سەر هاووڵاتییەک و بێڕێزی پێ دەکات و رووداوەکەش تۆمار دەکات، دوای بەدواداچوون لەلایەن هێزەکانمانەوە لە ماوەی چەند کاژێرێک ناسنامەکەی ئاشکرا کرا، بە ناوی (ب. ب. ر) و لەسەر فەرمانی بەرێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیر کرا."
ئاسایشی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات لە لێکۆڵینەوەکانیاندا بۆیان دەرکەوتووە، ئەو دوو کەسە هاوڕێی یەکدی بوون و کێشەکەیان کۆمەڵایەتی بووە، پاشان گەیشتوونەتە رێککەوتن و کێشەکەیان کۆتایی پێهێناوە. وەک ئاسایش باسی کردووە، کاتی رووداوەکە "ساڵ و نیوێک" بەر لە ئێستا بووە.
بەپێی راگەیێندراوی ئاسایش بێت، لەسەر ئەو رووداوە لە کاتی خۆیدا، هیچ کەسێک سکاڵای تۆمارنەکردووە بۆ ئەوەی هێزەکانی ئاسایش و لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکاری یاسایی بگرنەبەر بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە لە کاتی خۆیدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ