رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان مەترسی خۆی لە دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکان لە کەرکووک نیشان دەدات و پێیوایە ئێستا بەعەرەبکردنی ئەو ناوچانە مەترسیدارترە لە پرۆسەی "تەعریب"ـی سەردەمی بەعس.
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە مژارەکەی تایبەت بوو بە دۆخ و مەترسی بەعەرەبکردن لەسەر ناوچە کوردستانییەکان، بە داتا و ژمارە باس لە گوندە چۆڵکراو و زەوییە داگیرکراوکانی کورد دەکات لەو ناوچانە و شێوازی ئەو گوشار و رێکارانەش ئاشکرا دەکات کە بەرامبەر گوندە کوردنشینەکان پیادە دەکرێن بە ئامانجی ناچارکردنی دانیشتووانەکەی بە چۆڵکردنیان و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە.
"6000 باخی داگیرکراو"
بە گوتەی سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کێشە و گرفتی ناوچە کوردستانییەکان زیاترن لە گرفتێک و زۆر جار کە باسی کێشەکان دەکرێت تەنیا باسی کێشەی زەوییە داگیرکراوەکان دەکرێت "لەکاتێکدا کێشەکانی ئێمە لەو ناوچانە قووڵترە لەوەی باسدەکرێن".
فەهمی بورهان دەڵێت، بۆ نموونە ئێستا ستەمێکی زۆر لە خانەقین دەکرێت، لە کۆی 6 هەزار زەوی داگیرکراوی کورد گرێبەستی هەزار و 800 زەوییان هەڵوەشێندراوەتەوە و قەرەبوو دراوە بە عەرەبی هاوردە تاکو زەوییەکە چۆڵ بکات و بگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکەی کە کوردە، بەڵام ئێستا قەرەبووەکەشیان وەرگرتووە و زەوییەکەش نەگەڕێندراوەتەوە بۆ هاوڵاتییە کوردەکە.
گوتیشی، لە دێر زەمانەوە خانەقین بە باخ و سەوزایی و ئاوەدانی بەنێوبانگ بوو، ئێستا وەکو بیابان وشک هەڵاتووە.
"ساڵ بە ساڵ خراپتر لە پار"
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لەبارەی چارەسەری دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دەستەکە دەڵێت، "جاران چارەسەری ئەم گرفتانە باشتر بوو".
بە دەق گوتی: جاران ئێمەی کورد لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا پشتیوانی زیاترمان هەبوو بۆ چارەسەری ئەو ناوچانەی کە کێشەی ناسنامە و خاکیان هەیە، ئێستا خانەقین و ناوچەکانی دیکە لە دۆخێکدان ساڵ بە ساڵ خراپتر دەبێت لە پار، ئێستا لە مەندەلی و سەعدییە رێژەی کورد بە رادەیەکی ئێجگار مەترسیدار کەمبووەتەوە، کێ وای کرد کە کورد بەوشێوە مەترسیدارە لەو ناوچانە کەمببێتەوە؟ ئایا ئەمە بەشێکە لەو لێکتێگەیشتن و دەستوورەی کە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا نووسیمانەوە؟ ئایا ئەمە بەشێکە لە سیمای دروستبوونەوەی دەوڵەتی عێراق؟ ئەمە بەشێکە لەو هاوپەیمانێتییەی کە ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا هەمانە؟ ئێستا کێ لە مەندەلی کەسایەتی کوردی و کولتووری کوردی و ئیرادەی کوردی دەبینێت؟ لە سەعدییە ئێمە لەکوێی رووداوەکانداین؟ لە جەلەولا ناسنامەی کوردی بەکوێ گەیشتووە؟ تەنیا شوێنێک کە ناسنامەی کوردی پێوەمابێت بەڵام لەژێر گووشارێکی ئێجگار زۆردا خانەقینە، دەچیتە هەر یەکێک لەو شارانە سیمای دەسەڵاتێکی بەعەرەبکراو دەبینیت کە زۆر دوورە لە سیما و مێژوو و ناسنامە کوردی لەو ناوچانە.
"24 گوندی چۆڵکراو"
لەبارەی زەویی گوندە داگیرکراوەکانی دەوربەری خانەقین فەهمی بورهان دەڵێت، 24 گوندی کوردنشین بە تەواوەتی چۆڵکراون، هۆکاری چۆڵکردنیشیان ئەوەیە کە ئێستا دەسەڵات لەو ناوچانە وەکو سەردەمی بەعس ئۆتومبێل ناهێنێت و گوندنشینە کوردەکان باربکات و بیانگوازێتەوە بەڵکو دێت گرفتی ئەمنی لەو ناوچانە دروستدەکات و ئەمنییەتی ناوچەکان ناپارێزێت تاکو خەڵک خۆیان ناچار ببن گوندەکانیان بەجێبهێڵن، ئەگەر ریسکیش بە ژیانی خۆیانەوە بکەن و بچنەوە گووندەکانیان ئەوا رێگەیان نادرێت بیر هەڵبکەنن بۆ ئاودێریی و رێگەیان نادرێت پەین و پێداویستی کشتوکاڵی ببەن بۆ زەوییەکانیان تاکو ناچار چۆڵی بکەن.
"بەعەرەبکردنی مەترسیدار"
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رەخنە لە حکومەتی عێراقی دەگرێت کە گووتاری شتێکە و کرداری شتێکی تر و "حکومەتی عێراقی زۆرجار لە میدیاکان شتێک دەڵێت و لە واقیعدا شتێکی تر دەکات".
زۆرجار بڕیاری باش لەبارەی 140 دەدرێت، بەڵام دواتر کە دێتە سەر جێبەجێکردن شتێکی دیکە دەبینین و ئەوەی پێشێلدەکرێت خوودی بڕیارەکەیە، فەهمی بورهان وای گوت.
گوتیشی، ئێستا دۆخەکە بەجۆرێکە کە زمانی کوردی لەو ناوچانە لەبەردەم قەدەخەکردندایە، لەکاتێکدا بەپێی دەستوور کوردی زمانێکی فەرمییە بەڵام لە زانکۆی کەرکووک داواکاریی بە زمانی کوردی وەرناگیرێت و دەڵێن، دەبێت نووسراوەکان بە زمانی عەرەبی بن، هەربۆیە "ئەم تەعریبەی ئێستا مەترسیدارترە لەوەی سەردەمی بەعس".
"هەڵوەرینی کورد"
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان باس لە هەڵوەراندنی کورد لە ئیدارەی کەرکووک دەکات و دەڵێت، بەپێی هەموو سەرژمێرییەکان رێژەی کورد (50+1)ی ئەو شارە بووە لە هەموو سەردەمەکاندا، لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق و لە کۆنگرەی قاهیرەی ساڵی 1919 تاوەکو ئەوکاتەی رژێم لە پادشایەتییەوە دەگۆڕێت بۆ کۆماریی چەندین سەرژمێری کراون، سەرژمێری ساڵی 1925 کە تورکەکان کروویانە و عوسمان ئیمینۆ نوێنەری کەمال ئەتاتورک بووە، لە سەرژمێری سەردەمی ئینگلیزەکان و دواتریش لە سەرژمێریی "عوسبەتولئومەم"، دواتریش لە سەرژمێری حکومەتی عێراق لە سەردەمی پادشایەتی لە سەرجەمیاندا کورد (50+1)ی کەرکووکی پێکهێناوە، دواتریش سەرژمێری ساڵی 1957 کە ئێمە پێی رازی بووین دیسان کورد (50+1)ی راپرسییەکەی پێکهێناوە، لە تەواوی هەڵبژاردنەکان لە کەرکووک لە عێراقی نوێدا کورد (50+1)ی کورسییەکانی هێناوە با لە خۆمان بپرسین ئێستا دۆخی کورد چۆنە لەو پارێزگەیە.
"لەکۆی چوار قایمقام تەنانەت یەک قایمقاممان نییە لە کەرکووک، لە 13 بەڕێوەبەری ناحیە تەنیا سێ بەڕێوەبەری ناحیەیان کوردن، لەکۆی 100 پۆستی ئەمنی تەنیا یەک پۆستمان هەیە، ئیدی چۆن کورد هەست بکات بەشێکە لەو دەسەڵاتە؟" فەهمی بورهان وای گوت.
"حەوت هەزار دۆسیە"
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان باس لە دۆسیەی قەرەبووکردنەوەی کورد دەکات لە چوارچێوەی رێککەوتنی جێبەجێکەدنی ماددەی 140 لەم کابینەیەدا و دەڵێت، لیژنەی مادەی 140 بە رێککەوتنێکی سیاسی دەستیکردووەتەوە بە کارەکانی و بودجەیەکیش تەرخانکراوە بۆ قەرەبووکردنەوە، بەڵام لەکۆی حەوت هەزار دۆسیەی خێزانی کورد کە ئامادەن و پەسند کراون، تەنیا 36 خێزانیان قەرەبوو کراونەتەوە.
گوتیشی، ئەگەر دارخوورمایەک لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا سووتابێت ئێستا هەر لەو پارەیەی مادەی 140 بەناوی زیانلێکەوتووانی دەستی بەعس قەرەبوو دەکرێنەوە.
"عەرەب چاودێری هەڵبژاردن دەکات"
فەهمی بورهان مەترسی خۆی نیشاندەدات کە لە هەڵبژاردنی پارێزگەکاندا لە کەرکووک ساختەکاریی هەڵبژاردن بەرامبەر کورد ئەنجام بدرێت و دەڵێت، ئەگەرچی کورد نەیتوانی بە یەک لیستی کوردستانی بەشداری هەڵبژاردن بکات، بەڵام پێویستە هۆشیار بن بەرامبەر مەترسی ساختەکاریی هەڵبژارن و داوادەکات لایەنە کوردستانییەکان هەڵوێستێکی کوردستانی هاوبەش بۆ رێگریکردن لەم مەترسییە گەڵاڵە بکەن.
"لەکۆی نۆ هەزار کارمەندی سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگە لە کەرکووک، هەشت هەزاریان عەرەبن" سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان وای گوت.
گوتیشی، دەبێت کورد ژوورێکی عەمەلیاتی هاوبەشی هەبێت تاوەکو ساختەکاریی بەرامبەر نەکرێت چونکە ئەم ژمارانە مایەی گومان و مەترسین و بەرنامە بۆ داڕێژراون.
ئەوەش وەبیردەهێنێتەوە کە کورد تەنانەت لە سەرژمێری ساڵی 1957 ساختەکاریی لێکراوە و دەڵێت مامۆستایانی عەرەب و تورکمان راسپێردرابوون بۆ سەرژمێری دانیشتووان لە هەر ماڵێکی کورد کە خوێندەوارییان نەبوایە بە عەرەب یان تورکمان ناونووسیان دەکردن.
"شێواندنی دیمۆگرافیا"
هەر لەو هەڤپەیڤینەیدا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ فەهمی بورهان باس لە شێواندنی دیمۆگرافیای کەرکووک دەکات و دەڵێت، ئێستا لە کەرکووک نەک دەوڵەت بەڵکو گرووپە دیاریکراوە عەرەبییەکانیش ناوچە و گەڕەک بۆ خۆیان دروستدەکەن. "لە باشووری کەرکووک لە تۆپزاواوە گەڕەکێک دروستکراوە تا نزیک داقووق کە هی گرووپێکی دیاریکراوی عەرەبییە" فەهمی بورهان وای گوت.
ئەو گوتانەی سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە کە رۆژی 01-11-2023 بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، کە بڕیارە لە 18-12-2023 لە 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک بکرێت.
پێشتر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵەکانی 2009 و 2013 کراوە، بەڵام لە ساڵی 2005ـەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ