رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لێکردوون بە بڕیاری نەچوونیان بۆ پەرلەماندا بچنەوە؛ گوتیشی، ''داوای لێنەکردین لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستاندا بەشدار بین.''
بەیانیی رۆژی چوارشەممە 13-11-2024 محەممەد شیاع سوودانی بە سەردانێک گەیشتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی حکومیی هەرێمی کوردستان و ئەو لایەن و پێکهاتانەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کورسیان بەدەستهێناوە، کۆبووەوە.
سوودانی لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، سەردانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستانیشی کرد و لەلایەن عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵەکەوە پێشوازی لێ کرا.
عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی سەردانەکەی سوودانییەوە رایگەیاند: ''باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا، بە بەڕێزیانمان گوت، بەشداریی پەرلەمانێکی لەم شێوەیە ناکەین کە ساختەکاری تێدا کراوە، دیزاینی پێشوەختەی هەبووە و ئێمە تێیدا بە ئامانج گیراوین.''
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان یەکێک لەو لایەنە سیاسییانەیە، کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناڕازییە و سەرەڕای ئەوەی سێ کورسی بەدەستهێناوە، رایگەیاندووە بەربژێرە دەرچووەکانی ناچنە پەرلەمان. ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵ دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لێ نەکردوون بەشداریی حکومەت بکەن، ''بەڵام داوای ئەوەی لێکردین بە بڕیارەکەماندا بچینەوە''.
عەبدولستار مەجید گوتی: ''لە کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکەش کرا و بەڕێز سوودانیش پێیوابوو، دەبووایە کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبیی [زۆرینەی] ئیسلامی، هەڵوێستیان بەرامبەر خوێنڕشتن لە فەلەستین و لوبنان تووندتر بووایە، بەڵام هەوڵەکانیان لە ئاستی چاوەڕوانیدا نەبوون.''
07-10-2023 جەنگ لەنێوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل دەستیپێکرد و دواتریش بەشێکی بەرفراوان لە ناوچەکە و بەتایبەتی لوبنانی گرتەوە. بەگوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە ''دەبێت بەگشتی گەلانی ناوچەکە پارێزراو بن.''
وەک عەبدولستار مەجید دەڵێت، بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە خستنە بەرباسی بەجێکردنی مووچە و پڕۆژەی هەژماری من.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ