20٪ی ئاوارەکانی خورماتوو بۆ سەرژمێری نەگەڕاونەتەوە

13-11-2024
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن سەرژمێری 2024
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

20٪ی ئاوارەکانی قەزای خورماتوو هێشتا نەگەڕاونەتەوە بۆ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان. نوێنەری قەزاکە لە پەرلەمانی عێراق داوایان لێدەکات کاری پێویست بکەن بۆ ئەوەی لەسەر خورماتوو تۆماربکرێن. 
 
کەریم شوکر، نوێنەری قەزای خورماتوو لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی چوارشەممە 13-11-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا نزیکەی 20٪ی ئاوارەکانی قەزای خورماتوو نەگەڕاونەتەوە خورماتوو بە مەبەستی راپەڕاندنی کارەکانی تایبەت بە سەرژمێری.
 
قەزای خورماتوو یەکێکە لە ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان و لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە. لە رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەردا بەشێکی زۆری خانووی هاونیشتمانیان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە سووتێندران و تەقێندرانەوە.
 
ئەوانەی لە خورماتوو ئاوارە بوون و هێشتا نەگەڕاونەتەوە، زۆربەیان لە کەرکووک، هەولێر، سلێمانی و گەرمیان نیشتەجێن.
 
ئەو پەرلەمانتارە، کە هاوکات ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، داوادەکات ئەو ئاوارانە لە 16 بۆ 19 ئەم مانگە بگەڕێنەوە، کارتی نیشتمانیی خۆیان و ئەندامانی خێزانەکانیان ببەن بۆ ئەوەی لە سەرژمێریی دانیشتووان ناویان لەسەر خورماتوو تۆمار بکرێت، ئەگەرنا مافیان دەفەوتێ و لە رۆژانی 20 و 21ی مانگ ناتوانرێت لەسەر خورماتوو تۆماربکرێن. 
 
بڕیارە 20 ئەم مانگە، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە