بەرپرسانی نەوت و کانزاکان: دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری پارێزگاکان دەستپێدەکات

13-11-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری سەنتەری پارێزگاکان یەک مانگە دابەشکردنی نەوت دەستیپێکردووە و بەردەوامە. لە سەنتەری هەڵەبجە دابەشکردن بەردەوامە و بەرپرسان دەڵێن: دابەشکردن دەگاتە سەنتەری شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک".
 
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دابەشکردنی نەوت لە دەوروبەری هەولێر و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکەمان بەردەوامە و نەوت دەگاتە هەموو هاونیشتمانیان".
 
لەبارەی دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری هەولێر، ئاری کاکەشین گوتی: "هەموو ساڵێک لە سەنتەری هەولێریش دابەش دەکرێت و ئەم ساڵیش هەروا دەبێت؛ پلانمان ئەوەیە پێش کۆتایی ئەم ساڵ نەوت بدەینە دانیشتووانی سەنتەری هەولێر".
 
پشکی نەوتی پارێزگای هەڵەبجە لە سلێمانییەوە دەنێردرێت. بەرپرسێکی باڵا لە نەوت و کانزاکانی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ 140 هەزار ماڵ لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە نەوتیان وەرگرتووە، کە بەنزیکەی 25 ملیۆن لیتر بووە".
 
تاوەکو ئەمڕۆ لە سەنتەری شاری هەڵەبجە و قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری و دەڤەری هەورامان، هەروەها لە ناوچەکانی ئیدارەی راپەڕین و قەزاکانی بازیان، پێنجوێن و دووکان، ناحیەی عەربەت و ناحیەکانی دیکەی دەوروبەری سلێمانی نەوت دابەشکراوە و لە بەشێکیان دابەشکردن بەردەوامە.
 
لەبارەی سەنتەری شاری سلێمانییەوە ئەو بەرپرسە گوتی: "بە دڵنیاییەوە لە نزیکترین کاتدا دابەشکردنی نەوت لە شاری سلێمانی دەستپێدەکات و ئەوەی ماوە فەرمانی دابەشکردنە بە دەستمان بگات".
 
کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ دابەشکردنی نەوت ناوچەکان کراون بە سێ بەشەوە، ناوچە شاخاوییەکان، دەوروبەر و سەنتەر. لە دەوروبەر و سەنتەر 6 ملیۆن لیترمان بەسەر 30 هەزار خێزاندا لە 11 ناوچەی جیاواز دابەشکردووە".
 
لەبارەی دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری دهۆک، کارزان رەئووف گوتی: "دابەشکردن بەردەوامە؛ ئەم ساڵ هاوشێوەی ساڵانی رابردوو لە سەنتەری دهۆکیش هاوشێوەی شارەکانی دیکە نەوت دابەش دەکرێت، کە پلانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانە".
 
لە 13-10-2025 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە لە ناوچە شاخاوییەکانی چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دابەشکردنی نەوت دەستپێدەکات.
 
بەگوێرەی وەزارەتەکە، "دابەشکردنی نەوت بۆ زستانی ئەم ساڵ بۆ هەر خێزانێک 200 لیتر دەبێ و ئەمڕۆ لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک) هەروەها ئیدارە سەربەخۆکانی (سۆران، راپەڕین، گەرمیان و زاخۆ ) دەستپێدەکات".
 
لە سەنتەری شارەکان بەرمیلێک نەوت بە 104 هەزار دینار و بە نرخی پاڵپشتیکراو دەدرێت هاونیشتمانیان، لە گوندەکانیش بە 105 هەزار دینار.
 
بۆ وەرگرتنی نەوت، هەرێمی کوردستان دابەشی سەر سێ زۆن کراوە: ناوچە شاخاوییەکان 320 هەزار خێزان، ناوچەکانی دەوروبەر 340 بۆ 345 هەزار خێزان و سەنتەری شارەکانیش 625 هەزار خێزانن.
 
ساڵی رابردوو دابەشکردنی نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو لە 12ـی ئەیلوولەوە دەستیپێکرد.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەری جیهان لە یانەی زاخۆ دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ دەکات بەبۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین هاندەری جیهان و دەڵێت، "ئەم نازناوە جیهانییه‌، تەنها سەرکەوتنێک نییە بۆ یانەی زاخۆ، بەڵکوو شانازییە بۆ تەواوی بزووتنەوەی وەرزشی لە هەرێمی کوردستان و عێراق".