رووداو دیجیتاڵ
سەرلیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک دەڵێت، لە کەرکووک دەمێنێتەوە و ناچێتە بەغدا؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق، 100 هەزار دەنگ زیاتریان بەدەستهێناوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13-11-2025، رێبوار تەها، سەرلیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک کە هاوکات پارێزگاری کەرکووکیشە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: ''یەکێتی توانی سەرکەوتنێکی گەورە لەم بازنەیەدا بەدەستبهێنێت.''
بەگوتەی رێبوار تەها، دەنگی یەکێتی لە بازنەی کەرکووک بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2021ـی پەرلەمانی عێراق 100 هەزار دەنگ زیادی کردووە و ''بەراورد بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیش 30 هەزار دەنگمان زیادکردووە.''
سەرلیستی یەکێتی لە بازنەکە دەڵێت: ''دەنگی خەڵک ئەرکی ئێمە زیاتردەکات. بۆیە لێرەوە رایدەگەیێنم، بە هیچ شێوەیەک ناچمە بەغدا. ئەرکی من ئەوە بوو لەگەڵ هەڤاڵانی دیکەم، لیستی یەکێتی بکەینە لیستی یەکەمی کەرکووک و بە دڵخۆشییەوە توانیمان.''
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییە فەرمییەکانی کۆمیسیۆن، ئەو بەربژێرەی یەکێتی لە کەرکووک 96 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە و بەوپێیە لەسەر ئاستی عێراق یەکەمە.
رێبوار تەها گوتی: ''لە کەرکووک دەبم و ئەم جارە بە شێوەیەکی نوێ خزمەتی هەموو دانیشتووانی پارێزگاکە دەکەم؛ زۆر جیاوازتر لە ساڵێک لەمەوپێش، چونکە کۆمەڵانی خەڵک لیستەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان قەرزدارکرد.''
پارێزگاری کەرکووک داوا لە بەربژێرە براوەکانی کەرکووک لە هەموو لایەنەکان دەکات کە لە بەغدا پاڵپشتیی حکومەتی خۆجێیی بکەن بۆ وەدەستخستنی بودجەی پێویست بۆ پڕۆژەکان.
رۆژی 09-11-2025 دەنگدانی تایبەت و دوو رۆژ دواتر دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرا.
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییە فەرمییەکانی کۆمیسیۆن، ژمارەی کورسیی لایەن و هاوپەیمانییە براوەکان لە کەرکووک بەو شێوەیەیە:
یەکێتی؛ چوار کورسی
پارتی؛ یەک کورسی
تەقەدووم؛ سێ کورسی
بەرەی تورکمانی؛ دوو کورسی
عەزم؛ یەک کورسی
هاوپەیمانیی عەرەبی: یەک کورسی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ