رووداو دیجیتاڵ
دوای مشتومڕێکی زۆر و چەندین جار دواخستنی بڕیارەکە، حکومەتی ئێران پلانێکی نوێی بۆ گرانکردنی نرخی بەنزین ئامادە دەکات. ئەم پلانە لەکاتێکدایە کە وڵاتەکە بە قەیرانێکی ئابووریی قورسدا تێدەپەڕێت و خەڵکیش نیگەرانن لە کاریگەرییەکانی ئەم بڕیارە لەسەر ژیانیان.
موحسین زەنگەنە، ئەندامی لیژنەی پلان و بودجەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: "بە پێی ئەو پلانەی کە حکومەت هێناوییەتی و وەزارەتی نەوت لە کۆبوونەوەی پەرلەمان پێشکێشی کرد، بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو کارتانەی لە بەنزینخانەکان هەن، دەیانەوێ نرخی بەنزینی ئەو کارتانە زیاد بکەن. بۆچوونی حکومەت لەسەر 5 هەزار تمەن تاوەکو 6 هەزار تمەنە، بەڵام زیاتر باس لە 5 هەزار تمەن دەکرێ."
لەلایەکی دیکەوە، حکومەتی ئێران لە کاردانەوەی خەڵک نیگەرانە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر نرخە نوێیەکەی بەنزین نەدراوە و رەچاوی خراپیی دۆخی ئابووری و گوزەرانی خەڵک دەکەن.
فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران، ئاماژەی بەوەدا: "پشکەکانی یەکەم و دووەم واتە 60 لیتر و 100 لیتر بە هەمان نرخەکانی پێشوو دەمێننەوە، بەڵام ئەو بڕیارەی کە دەدرێت، یەکەم جار بۆ ناوچە ئازادەکان و ئۆتۆمبێلە لووکسەکانە."
حکومەتی ئێران پێی وایە هۆکاری گرانکردنی نرخی بەنزین لەبەر دوو هۆکارە:
قاچاخچێتی: حکومەت دەڵێت، نرخی بەنزین ئێستا زۆر هەرزانە و بەهۆیەوە رۆژانە 20 ملیۆن مەتر سێجا بەنزین بۆ وڵاتانی دراوسێ قاچاخ دەکرێت.
کەمیی بەرهەمی ناوخۆ و هاوردەکردن: بەهۆی کەمیی بەنزینی بەرهەمی ناوخۆ، حکومەت بەشێکی پێداویستیی ناوخۆ لە رێگەی هاوردەکردنەوە دابین دەکات.
حەمید پوورمحەممەدی، سەرۆکی رێکخراوی پلان و بودجەی ئێران، رایگەیاندووە کە ساڵانە بایی 6 ملیار دۆلار بەنزین هاوردە دەکرێت.
پلانە نوێیەکەی حکومەتی ئێران بۆ گرانکردنی نرخی بەنزین رووبەڕووی رەخنەی پسپۆران بووەتەوە. ئەوان پێیانوایە پێویستە لە بڕیاردان بۆ گرانکردنی نرخی بەنزین ژێرخانەکان ئامادە بکرێن و رەچاوی دۆخی ئابووری و داهاتی خەڵکیش بکرێت.
بەهرام شەکووری، ئەندامی ژووری بازرگانیی ئێران، پێشنیاری کرد: "زیادکردنی نرخی بەنزین پێویستە هاوکات لەگەڵ چاکسازیکردن لە بەکارهێنان، مۆدێرنکردنی ئامێرەکان، هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی نوێ، پەرەپێدانی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و ئامادەکردنی ژێرخانەکان بکرێت."
پێشتر مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران چەندین جار رەخنەی لە هەرزانیی نرخی بەنزین گرتبوو و دەڵێت: "بەنزینمان لە ئاو هەرزانترە و ئەوەش ناکرێ بەردەوام بێ."
لە ئێران ئێستا مانگانە 60 لیتر بەنزین بە نرخی حکومیی 1500 تمەن دەدرێتە شۆفێران. هەروەها هەر شۆفێرێک دەتوانێت بڕی 100 لیتر بەنزین بە نرخی 3000 تمەن بکڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ