بەرپرسێکی پارتی: پێویستە کار بۆ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن بکرێ

13-11-2025
مالیک محەممەد
خالید ئەحمەد، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردن لە مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو
خالید ئەحمەد، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردن لە مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسی بەشی هەڵبژاردن لە مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە دهۆک دەڵێ، 11 سکاڵایان لە دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تۆمارکردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''یاسای هەڵبژاردن دژی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و پێویستە کار بۆ گۆڕینی بکرێ.''
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-11-2025، خالید ئەحمەد، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردن لە مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە وارشین ساڵح پێشکێشیکرد، لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: ''ئەنجامەکە لە بازنەی دهۆک چاوەڕوانکراو بوو.''
 
پارتی لە بازنەی دهۆک 9 کورسیی پەرلەمانی عێراقی لە کۆی 11 کورسی گشتی بەدەستهێنا. خالید ئەحمەد گوتی: ''شایستەی پارتی لەو بازنەیە، 9 بۆ 10 کورسی بوو.''
 
بەرپرسی بەشی هەڵبژاردن لە مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە دهۆک ئاماژەی بە تۆمارکردنی 27 سکاڵاش کرد لە بازنەکە کە بەهۆی پێشێلکردنی رێنماییەکانی کۆمیسیۆن لەکاتی دەنگداندا تۆمارکراون و گوتی: ''لەو ژمارەیە، 11ـیان لەلایەن پارتییەوە تۆمارکراون.''
 
بەگوتەی خالید ئەحمەد، زۆربەی پێشێلکارییەکان تایبەت بوون بە بانگەشەی هەڵبژاردن لەکاتی پڕۆسەی دەنگدان کە ''بەڵگەکانمان بە شێوەی ڤیدیۆ، وێنە و تۆماری دەنگی پێشکێشی کۆمیسیۆن کردوون؛ هەروەها بەشێک لە سکاڵاکانیش تایبەتن بە کڕینی دەنگ لەلایەن هەندێک لایەنەوە.''
 
لە هەڵبژاردنی 2021ـی پەرلەمانی عێراقدا پارتی 8 کورسی لە دهۆک بەدەستهێنا. ئەو بەرپرسەی پارتی دەڵێت: ''بەراورد بە ساڵی 2021، دەنگمان لە بازنەکە زۆر زیادی کردووە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەو یاسایەی کورسی پێ دابەش دەکرێ، سەرەڕای زیادکردنی دەنگەکانمان، تەنیا یەک کورسیمان زیادی کردووە.''
 
خالید ئەحمەد گوتی: ''ئەو کورسییانەی کە بۆ بازنەی دهۆک دیاریکراون، لە ئاست لیستی پارتی و ئەو دەنگانە نین کە بە دەستیان دەهێنێت. بۆیە یاسای هەڵبژاردن یاسایەکی زۆر خراپە.''
 
یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان، عێراقی بەسەر 18 بازنەی جیاوازدا دابەشکردووە و هەر پارێزگایەک ژمارەیەک کورسی بۆ دانراوە، ئەوەش وایکردووە کێبڕكێ تەنیا لەنێو یەک بازنەدا بمێنێتەوە.
 
بەرپرسی بەشی هەڵبژاردن لە مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە دهۆک رایگەیاند: ''یاسای هەڵبژاردن بەگشتی دژی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و پێویستە کار بۆ گۆڕینی بکرێ. هەندێک بەربژێر لە بازنەی دهۆک زیاتر لە 20 هەزار دەنگیان بەدەستهێناوە، بەڵام دەرنەچوون. ئەوە لەکاتێکدایە لە بازنەی دیکە بەربژێر هەن بە پێنج هەزار یان شەش هەزار دەنگ دەرچوون.''
 
رۆژی 09-11-2025 دەنگدانی تایبەت و دوو رۆژ دواتر دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرا. 
 
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییە فەرمییەکانی کۆمیسیۆن، ژمارەی کورسیی لایەنە کوردستانییەکان بەمشێوەیەیە:
- پارتی دیموکراتی کوردستان: 27
- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 18
- رەوتی هەڵویست: 5 کورسی
- جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 3 کورسی
- یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 4 کورسی
- کۆمەڵی دادگەریی کوردستان:1 کورسی

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک قوتابی لە هۆڵی تاقیکردنەوە

وەزارەتی پەروەردە: گۆڕانکاری لە تاقیکردنەوەی دەرەکیدا کراوە لە هەردوو وەرزەکەدا جێبەجێ دەکرێت

سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ خوێندنی ئەم ساڵ گۆڕانکاری کراوە؛ پار هەموو تاقیکردنەوەکان هەڵبژاردن بوو، بەڵام ئەم ساڵ نیوە بە نووسینە و نیوەش هەڵبژاردنە.