کەشناسی: هەفتەی داهاتوو 25 بۆ 90 ملیمەتر باران دەبارێت

13-11-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کەشناسیی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی وردی سەبارەت بە یەکەم بارانبارینی گشتگیریی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند: سەرتاسەری دەبێ؛ زۆرترین باران لە مێرگەسۆر دەبێت، کە دەگاتە 90 ملیمەتر و لە شارەکانی دیکەش 25 بۆ 70 ملیمەتر دەبارێت. کەشناسێک دەڵێ، "لە هەندێک ناوچە پەڵە دەدات و داری دارستانەکانیش لە وشکبوون رزگاریان دەبێ".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بە وردی پێشبینی بۆ بڕی بارانبارینی پێشبینیکراوی لە رۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لە سنووری هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و کەرکووک باران دەبارێت".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "شەوی شەممە 14ـی ئەم مانگە تاوەکو رۆژی دووشەممە 17-11-2005 ئاسمانی هەرێمی کوردستان ناسەقامگیر دەبێت و بارانبارین تەواوی ناوچەکان دەگرێتەوە. لەم شەپۆلەدا پلەی گەرما نزیکەی 10 پلەی سیلیزی دادەبەزێت".
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی کردووە، لەو شەپۆلە چاوەڕوانکراوەی بارانبارین رێژەی باران لە ناوچەکانی باشووری کوردستان بەمشێوەیە بێت:
 
- پارێزگای هەولێر: سەنتەری شار 25 بۆ 30 ملیمەتر و بۆ ناوچە شاخاوییەکان 50 بۆ 55 ملیمەتر باران ببارێت.
- پارێزگای دهۆک: سەنتەری شار 40 بۆ 50 ملیمەتر و بۆ ناوچە شاخاوییەکان 70 بۆ 80 ملیمەتر باران ببارێت.
- پارێزگای سلێمانی: سەنتەری شار 35 بۆ 40 ملیمەتر و بۆ ناوچە شاخاوییەکان 45 بۆ 50 ملیمەتر باران ببارێت.
- پارێزگای کەرکووک: سەنتەری شار 50 بۆ 55 ملیمەتر باران ببارێت.
- ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: 60 بۆ 70 ملیمە ترباران ببارێت.
- ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: 50 بۆ 60 ملیمەتر باران ببارێت. "لە قەزای مێرگەسۆر پێشبینی دەکرێ زۆترین بڕی باران ببارێت کە 80 بۆ 90 - ملیمەترە".
- ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین: 60 بۆ 70 ملیمەتر.
- ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان: 30 بۆ 40 ملیمەتر.
 
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی، بە رووداوی راگەیاند: "ئەم بارانە لە هەندێک شوێن دەبێتە هۆی پەڵەدان".
 
موفتی ئاماژەی بەوەکرد: "ئەم بارانە زۆر باشە بۆ دارستانەکان، کە هەندێک دار دۆخی زۆر خراپە و لە وشکبووندایە، بەم بارانە دەبووژێنەوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە