رووداو - چین
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، ساتی واژۆکردنی یاداشتی دەستەخوشکی یەکەم شاری هەرێمی و کوردستان و عێراقە لە چین، بەرپرسانی پارێزگای سلێمانی لە دووری 8 هەزار کیلۆمەترەوە هاتوون تاوەکو واژۆی دەستەخوشکی لەگەڵ شاری ئیۆی چین بکەن.
نێوەڕۆکی لێکتێگەیشتنەکە تەنیا بازرگانی نییە؛ کولتووری، پەروەردە و کشتوکاڵ و وەرزشیش دەگرێتەوە.
چەن هوی دۆنگ، جێگیری سەرۆکی کاروباری دەرەوەی هەرێمی ژیجیانگ دەڵێت: "چونکە عێراق وڵاتێکی زۆر گرنگە لە پڕۆژەی پشتێن و رێگەدا، بۆیە ئێمە هەمیشە گرنگی گەورە دەدەین بە هاوڕێیەتی نێوان هەرێمەکەمان و هەرێمەکەتان. هیوامانە هاوبەشبوون و لێکتێگەیشتنەکانی نێوان بازرگانانی هەردوولا نزیک و نزیکتر بێت. ئێمە دەمانەوێت کاڵای زیاتر لە عێراق بێنن بۆ هەرێمەکەمان. هەروەها بەخێربێن بۆ کڕینی هەر شتێک کە دەتانەوێت لەم بازاڕە نوێیە پەروەردە و کولتووریش زۆر گرنگە، چونکە ئێمە باوەڕمان وایە کە بنەمای بەهێزترین هاوڕێیەتیی نێوان دوو خەڵک، بازرگانی نییە، بەڵکو تێگەیشتن و گۆڕینی کولتووری نێوان خەڵکەکانە".
دوو ملیۆن کەس لە شاری ئیۆ نیشتەجێن و داهاتی ئەم شارە بچووکە لە 9 مانگی رابردوو زیاتر بووە لە 88 ملیار دۆلار کە پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی، بەتایبەت هەناردەی بۆ زیاتر لە 200 وڵات و هەرێمی دونیا هەیە.
هەڤاڵ ئەبو بەکر، پارێزگاری سلێمانی کە لەوێ ئامادەبوو، لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت: "بنیاتی سلێمانی، چ لە رووی سەرمایەی مرۆیی، چ لە دارایی، چ لە سەرمایەی ماڵی، چ لە سەرخان و لە ژێرخان، زەمینەیەکی لەباری هەبوو کە بەخۆشحاڵییەوە چینییەکان سلێمانییان هەڵبژارد، ئیۆ سلێمانیی هەڵبژارد؛ ئیۆ ئێستا پایتەختی ئابووریی جیهانە و پایتەختی جیهانە بۆ بزنسە بچووک و مامناوەندەکان. لە هەشت ساڵی رابردوودا، ئێمە ئەو ناوبانگەمان بە سلێمانی بەخشی کە حکومەتی خۆجێیی لە سلێمانی بایەخ بە ئیشە بچووک و مامناوەندەکان دەدات. زۆری لەسەر گوترا، ئێمە خەریکی چین، یەکێک نۆکاو دەفرۆشێت، پارێزگار دەچێت، یەکێک دووکان دەکاتەوە، پارێزگار دەچێت؛ بەڵێ، ئەوە لە ئاستی ئەمڕۆی دونیادا، ئابوورییەکی لەنگەرگرتوو دروست دەکات، ئەمڕۆش لە ئاستی جیهاندا ئەم شارە کە پایتەختی هەموو جیهانە، توانیویەتی هەموو جیهان کۆبکاتەوە. سلێمانیشیان وەکو یەکەم شار لە جیهاندا بە دەستەخوشکی خۆیان هەڵبژاردووە."
مێژووی شاری ئیۆ زیاترە لە 2200 ساڵ و تاوەکو کۆتایی ساڵی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، ناوەندی بازرگانیی گۆڕینەوەی پەڕی مریشک و شەکری قامیش بووە. ئاسانکاری و پاڵپشتی حکومەتی چین بۆ ئەم شارە وایکردووە کە بە لێشاو بازرگان رووی تێبکەن. بە بازاڕی کاڵای و ورد و مامناوەند هەژمار دەکرێت کە خاونی گەورەترین بازاڕی جیهان بە ناوی فوتیان زیاترە لە 100 هەزار دووکان.
کامیل ئەحمەد، رێکخەر و بەرپرسی سەنتەری بازرگانی کوردی لە ئیۆ بە رووداوی گوت: "ئەمە شتێکی زۆر زۆر باشە بۆ هەرێمی کوردستان. پشتگیرییەکی زۆر گەورە دەبێت بۆ ئابووریی وڵاتەکەمان."
قەبارەی ئاڵوگۆری بازرگانی چین لەگەل عێراق زیاتر لە 55 ملیار دۆلار و چین زیاتر لە سێ هەزار دەستەخوشکی و هاوبەشی هەرێمی لەگەڵ شارەکانی زیاتر لە 147 وڵاتی جیهان هەیە.
دەستەخوشکبوونی سلێمانی و شاری ئیۆ لە چین، هەر واژۆ و مەرەکەبی سەر کاخەز نییە، دەتوانێت دەرگەیەکی دیکەی ئابووری بەسەر پایتەختی رۆشنبیریدا بکاتەوە و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بووژانەوەی ئابووری و هەلی کار و چەندین کایەی دیکەشدا هەبێ. رێگەش خۆشدەکات کۆمپانیا کوردییەکان ئاسانتر مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ چین بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ