هەسەدە: بە پشتیوانیی هاوپەیمانان لە مانگێکدا زیاتر لە 20 ئۆپەراسیۆنمان دژی داعش کردووە

13-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رۆژی پێنجشەممە ستایشی هاوبەشیی خۆیانی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کرد و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ئەم دواییەیان بە "گرنگ" ناوبرد بۆ بەهێزکردنی ئاسایش سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
 
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا کە لە تەلەگرام بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: "هێزەکانمان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ پشتیوانیی بەردەوامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بەهێزکردنی ئاسایش لە سەرانسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەردەبڕن".
 
هەسەدە، کە هاوبەشێکی سەرەکیی وڵاتانی رۆژئاوایە لە شەڕی دژی داعش، رایگەیاندووە: "تەنیا لە یەک مانگدا، هاوپەیمانان پشتیوانیی زیاتر لە 20 ئۆپەراسیۆنیان کردووە کە شانە نووستووەکانی داعشیان کردووەتە ئامانج، ئەمەش کاریگەریی مەیدانی و هەوڵە خۆپارێزییەکانی بەهێزتر کردووە".
 
ئەمە کاتێکدایە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رۆژی 12ی تشرینی دووەم لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد، لە مانگی رابردوودا "لە زیاتر لە 22 ئۆپەراسیۆنی دژی داعشدا، راوێژ و هاوکاری و یارمەتییان پێشكێشی هاوبەشەکانیان لە سووریا کردووە". بەگوێرەی سێنتکۆم، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا کە لە نێوان 1ی تشرینی یەکەم و 6ی تشرینی دووەم کرابوون، "پێنج چەکداری داعش کوژراون و 19ی دیکەش دەستگیرکراون".
 
هەسەدە لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "ئەم هاوبەشییە پابەندبوونی هاوبەشمان بۆ شەڕی دژی داعش و دابینکردنی ئایندەیەکی ئارامتر و سەقامگیرتر بۆ هەموو سووریاییەکان نیشاندەدات."
 
زیادبوونی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان هاوکاتە لەگەڵ پێشهاتێکی سیاسیی گرنگ. رۆژی دووشەممەی رابردوو، سووریا بە فەرمی بووە 90ـەمین ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش. 
 
جگە لەوەش، گفتوگۆکان بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ سوپاسی سووریا بەردەوامن؛ هەنگاوێک کە ئەمریکای سەرکردەی هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکە پێیوایە، یەکڕیزی دژی هەڕەشەی داعش بەهێزتر دەکات.
 
هاوبەشیی نێوان هەسەدە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە گوشارخستنە سەر پاشماوەکانی داعش. سەرەڕای شکستی خەلافەتەکەیان، بەرپرسان هۆشدارییان داوە کە گرووپەکە هێشتا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە. تەنیا لە مانگی تشرینی یەکەمدا، پێش شەپۆلی نوێی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، هەسەدە دەستگیرکردنی 79 چەکداری داعشی لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا راگەیاندبوو.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە